دارەوان حەمید: بەدەستەخوشکبوونی ‌هەڵەبجە و گەرنیکا دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی ئابووری هەردوو شار

دارەوان حەمید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا
دارەوان حەمید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا

K24 – هەولێر:

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم هەوڵمانداوە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتی ئیسپانیا دروست بکەین، هاوکات دەشڵێت: لە داهاتوودا کار بۆ ئەوە دەکەیەن شاری دهۆکیش بکەینە دەستەخوشکی شارێکی دیکەی ئیسپانیا.

دارەوان حەمید، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24؛ رایگەیاند، هەردوو شارەکانی هەڵەبجە و گەرنیکای ئیسپانیا مێژوویەکی زۆر تاڵیان هەبووە، بۆیە لەسەر ئەو پێوەرە بیر لەوە کراوە کە ئەو دوو شارە بکرێن بە دەستەخوشک، هەروەکو چۆن شاری هەڵبجە کیمیاباران کرا، شاری گەرنیکای ئسپانیاش لە ساڵی 1937 لە سەردەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئەو کات فڕانکۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ هیتلە خاپورکرا.

هاوکات راشیگەیاند، لە چوارچێوەی سیاسەتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵمانداوە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتی ئیسپانیا دروست بکەین، هەروەها هەوڵمانداوە ئەو شارانەی کە لەگەڵ شارەکانی هەرێمی خۆمان دەگونجێت بیانکەیەنە دەستەخوشک، لە داهاتووشدا هەوڵدەدەین شاری دهۆکیش لەگەڵ شارێکی دیکەی ئیسپانیا بکەیەنە دەستەخوشک.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی گەرنیکا کۆبووینەوە ئەو دڵخۆشبوو بەو دەستەخوشکبوونی نێوان هەردوو شار و ئاماژەی بەوەکرد "کە لەگەڵ دوو سێ شاری جیهان دەستەخوشکیان ئەنجامداوە".

دارەوان حەمید، روونیکردەوە، ئەو دوو شارەی کە دەبنە دەستەخوشک، لە زۆر بواردا دەبووژێنەوە، بە تایبەت لە بواری ئابووریدا، لە سێکتەری کشتووکاڵ، پەروەردە، هونەری، وەرزش و کۆمەڵێک بواری دیکە، هەروەها کۆمپانیاکانی شاری گەرنیکا دێنە هەڵەبجە، بە هەمان شێوە کۆمپانیاکانی شاری هەڵبجەش سەردانی گەرنیکا دەکەن، ساڵانەش پارێزگاری گەرنیکا سەیر دەکات لەگەڵ چ شارێک دەستەخوشکن سەردانی ئەو شارە دەکات.

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا، گوتی: وابڕیارە پارێزگاری هەڵبجە لە مانگی 11ـی ئەمساڵ سەردانی گەرنیکای ئیسپانیا بکەن، دوای ئەم سەردان پارێزگای گەرنیکاش سەردانی کوردستان دەکات.

ناوبراو گوتیشی: پارێزگاری گەرنیکا پێشنیازی کردووە لە ( 26ـی 4ـی 2024 ) کە دەکاتە رۆژی بۆمبارانکردنی شاری گەرنیکا، لەو رۆژەدا مەراسیمێک سازبدرێت بۆ بەدەستەخوشکبوونی هەردوو شارەکە.

رۆژی هەینی (15ـی ئەیلوولی 2023)، خۆسێ ماریا، پارێزگاری گه‌رنیكا لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ـی راگەیاند، ده‌زانین كورد ئازاری زۆریان بینیوه‌ و خۆشحاڵده‌بین به‌ ده‌سته‌خوشكبوونی نێوان هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رنیكا و ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كانیش ته‌واوكراون و ده‌توانین په‌یوه‌ندی باش له‌ نێوانماندا هه‌بێت.

خۆسێ ماریا گوتیشی، "ئێمەش وەک ئەوانیتر دەمەوێ بڵێم لەگەڵ کوردەکانی کە لە نێوان سنوورەکانی سووریا وئیران و عێراق و تورکیان و دەزانین کە ئازاری زۆریان بینیووە، ئێمەش لە گەرنیکا دەمانەوێت بڵێین دڵگرانین بۆ ئەو بارودۆخەی کوردەکان تێیکەوتوون".

لەبارەی بەدەستەخوشکبوونی شاری گەرنیکا لەگەڵ هەڵەبجە، خۆسێ ماریا ئاماژەی بەوەکرد، "من زۆر خۆشحاڵ دەبەم بڕیارە وەک پارێزگار و ئەو نوێنەرانەی ئیش لەسەر نزیک کردنەوەی هەردوولا دەکەن، وەک ئەوەی لە دانیشتنەکانەدا قسەمان لەسەر کرد، دوای ئامادەکاریی بۆ دەستەخوشکی نێوانمان و کە گشت رێکارەکان تەواو بوون و ببێتە فەرمیی بەرنامەیەکی تەواوی گشتگیر و ئەرێنییە، بە هیواین سوودی بۆ هەردوولا هەبێت".

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا ماوەی چەندین مانگە کار لەسەر نزیکبوونەوە و بە دەستەخوشکبوونی هەردوو شاری هەڵەبجە و گەرنیکا دەکات، کە هەردوو شارەکە پێشتر کیمیاباران کراون و قوربانی زۆریانداوە.

لەوبارەیەوە رۆژی هەینی (15ـی ئەیلوولی 2023) نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا سەردانی پارێزگاری گەرنیکای ئیسپانیایان کرد و تەواوکردنی رێکارەکانی بەدەستەخوشکبوونی هەردوو شارەکەیان تاوتوێکرد.

گەرنیکا شارێکە لە هەرێمی بلباوی ئیسپانیا و بەدەستەخوشکبوونی لەگەڵ هەڵەبجە، لە بوای کولتووری و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ناساندنی ئەو کارەساتانەی لە رابردوو بەسەریاندا هاتووە، لەخۆدەگرێت.