عێراق.. 108 پارت لە هەڵبژاردنەکانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان دوورخرانه‌وه‌

كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق
كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق

K24 – هەولێر:

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان 108 پارت لە هەڵبژاردنەکانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان دووردەخاتەوە.

هەیمان تەحسین، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، 108 پارتی سیاسی بەهۆی سەرپێچی دارایی و کارگێڕی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دوورخرانەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پارتانە سەرپێچی یاسای پارتە سیاسییەکانیان کردووە و بارەگای وەهمیان  هەبووە و کۆنفرانسیان بە گوێرەی پەیڕەوەی ناوخۆ ئەنجام نەداوە، هەر بۆیە کۆمسیۆن بڕیاری دوورخستنەوەی یەکجاری ئەو پارتانەی دەرکردووە.

رۆژی (16ـی ئەیلوولی 2023)، گوته‌بێژی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، بۆ به‌شداریكردن له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان، كۆمیسیۆن ژماره‌ی‌ پارت، كاندید و هاوپه‌یمانێتییه‌كان دیاریكرد. گوتیشی: "134 (هاوپه‌یمانی، پارت و كاندید) و له‌ كۆی گشتی شه‌ش هه‌زار كاندید به‌شداری هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگان ده‌كه‌ن".

رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت.