ئەمەریکا پشتیوانی خۆی بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دووپاتدەکاتەوە

K24 - هەولێر
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ "دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە رێگەی بۆڕییە نەوتییەکان بەرەو تورکیا" دووپاتدەکاتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023، لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی خولی 78ـی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبوونەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بلینکن داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە "بەردەوام بێت لە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی سەقامگیری و خۆڕاگری حکومەتی هەرێمی کوردستان".
وەکو ئەوەی لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بلینکن "پشتیوانی ئەمەریکای بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆڕییە نەوتییەکان بەرەو تورکیا دووپاتکردووەتەوە".
بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا؛ لە کۆبوونەوەکەدا هەر دوولایەن پابەندبوونی خۆیان بۆ بەردەوامیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و بنەماکانی چوارچێوەی رێککەوتنی ستراتیژی ئەمەریکا و عێراق دەربڕیوە.
لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بانگهێشتی فەرمی لەلایەن جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشکەشی محمد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی سەردانی کۆشکی سپی بکات.
هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، نووسیویەتی: "لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی کۆبووینەوە بۆ تاوتوێکردنی هاوبەشی ستراتیژیمان و پێداچوونەوە بە پرسە ئابووری و ئەمنییەکان لەوەتەی دوایین کۆبوونەوەمان لە میونیخ".
ئەمەریکا، وەکو ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا ئاماژەی پێ داوە، "لەگەڵ حکومەتی عێراق کاردەکات بۆ بونیادنانی سەقامگیری ناوچەیی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عێراق".
Met with Prime Minister @mohamedshia to discuss our strategic partnership and review progress on the economic and security issues since our last meeting in Munich. The United States is working with @iraqigovt to build regional stability and prosperity for the Iraqi people. pic.twitter.com/IEnw65QJ3b
— Secretary Antony Blinken (@SecBlinken) September 19, 2023
بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەغدای پایتەختی بەجێهێشت و بەرەو شاری نیویۆرکی ئەمەریکا بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە 78ـەمین خولی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان.