پارێزگای هه‌ولێر ‌ئاماده‌كاری بۆ مه‌ترسیی دروستبوونی لافاو ده‌كات

پارێزگای هه‌ولێر
پارێزگای هه‌ولێر

K24 - هەولێر:

لە پێناو کەمکردنەوەى مەترسی دروستبوونى لافاو و ئامادەکارى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بە هۆى گۆڕانى کەشوهەوا، له‌ دیوانی پارێزگای هه‌ولێر کۆبوونەوەیەکى تایبەت به‌ڕێوه‌چوو.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی پارێزگای هه‌ولێر، لە پێناو کەمکردنەوەى مه‌ترسى دروستبوونى لافاو و رووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو بە هۆى گۆڕانى کەشوهەوا، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر بە دواداچوونى بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و کارانە کرد کە لە ماوەى رابردوودا لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ کەمکرنەوەى مەترسییەکانى ڕوودانى لافاو و چارەسەرکردنى هۆکارەکانى دروستبوونى گیراوەتەبەر.

پارێزگاری هه‌ولێر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانى راسپارد لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ ڕوودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراوى گۆڕانى کەشوهەوا و وەرزى بارانبارینى ئەمساڵ.

جه‌ختی لەسەر لادانى  زێدەڕۆیی و هەموو ئەو سەرپێچیانە کردەوە کە کراوتە سەر ڕێرەوە ئاویەکان و ڕێگەگرتن لە فرێدانى پاشماوەى  بیناسازی و خۆڵ و خاشاکى هاوڵاتییان لە کەند و ڕێرەوەکانى ئاوى سرووشتى باران. (هه‌روه‌ك له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارێزگای هه‌ولێردا هاتووه‌).