سوودانی و رەئیسی لە نیویۆرک کۆبوونەوە

K24 - هەولێر:

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری نیویۆرکی ئەمەریکا چاویان بەیەکدی کەوت.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، کە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 20ـی ئەیلوول، محەممەد شیاع سوودانی لە نیویۆرک چاوی کەوت بە ئیبراهیم رەئیسی و پێکەوە تاوتوێی چەند پرسێکیان کرد.

سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ئاماژەدان بە پێویستی خێراکردنی هەوڵەکان بۆ سەرخستنی پڕۆژە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا، لە دیدارەکەدا جەختی لە "گرنگی چەسپاندنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، لە بوارە جیاجیاکاندا، لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دراوسێدا کردووەتەوە".

نووسینگەی سوودانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، سوودانی جەختی لەوە کردەوە، هەرگیز رێگە نادات خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێندرێت، هەروەک چۆن سازش لەسەر ئاسایش و سەروەری عێراق رەتدەکاتەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاند، دەبێت هەموو ئەو کێشانەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەن وتوێژیان لەسەر بکرێت، بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری ڕیشەیی بۆ قەیرانەکان.

کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە 78ـەمینی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو.