سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی رووسیا دەکات

K24 - هەولێر
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەنیازە پێش کۆتایی هاتنی ئەمساڵ سەردانی رووسیا بکات.
ئاژانسی "نۆڤۆستی" لە زاری فوئاد حوسێن. وەزیری دەرەوەی عێراقەوە بڵاویکردەوە، سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ رووسیا لە چەند مانگی داهاتوودا ئەنجام دەدرێت. گوتیشی: ئێستا لە پرۆسەی رێکخستنی سەردانەکەداین.
مانگی تەمموزی رابردوو، ئێلبروس کورتاشێڤ باڵیۆزی ڕووسیا لە بەغدا ڕایگەیاندبوو، سەرۆک وەزیرانی عێراق بانگهێشتی سەردانیکردنی رووسیای قبوڵکردووە، بەڵام هێشتا وادەی سەردانەکەی دیاری نەکراوە.
سەرۆکی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی رووسیا ئاماژەی بەوەدا، سەردانێکی لەو شێوەیە دەبێتە دەرفەتێک بۆ تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی کە جێگەی نیگەرانی سەرکردایەتی هەردوو وڵاتن، لەوانە بابەتی سیاسی و ئابووریی نێوان هەردوولا.