پاتریارکی کلدانی لە عێراق و جیهان داوای پشتیوانی لە پاپای ڤاتیکان دەکات

كاردینال لویس ساكۆ هۆشداری لەبارەی مەترسی لەسەر سامانی کڵێساکان لە عێراق دەدات
.
.

K24 - هەولێر

كاردینال لویس ساكۆ داوا لە پاپای ڤاتیكان ده‌كات هەوڵەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق بخاته‌گه‌ڕ بۆ گەڕانەوەی پۆستی پێشووی وەک نوێنەری پێکهاتەی كریستیان لە عێراق.

رۆژنامه‌ی دیترۆیت كاسۆلیكی ئه‌مەریكی رایگەیاندووە‌، کاردیناڵ ساکۆ داوای پشتیوانی زیاتری لە پاپا کردووه،‌ بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی عێراق رازی بکات بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئەو بڕیارەی کە سەرۆککۆماری عێراق لە 3ی تەممووزدا دەریکردبوو بۆ کشاندنەوەی مه‌رسوومه‌كه‌ی وەک نوێنەری پێکهاتەی كریستیان لە عێراق.

رۆژنامه‌كه‌ نووسیویەتی: "لەدەستدانی پۆستەکەی کاردیناڵ ساکۆ، سامانی کڵێساکەی لە ناوخۆی عێراق خستە بارودۆخێکی مەترسیدارەوە، ساكۆ چه‌ندینجار ره‌یان كلدانی به‌ ده‌ستبه‌سه‌راگرنی سامانی كڵێساكانی عێراق تۆمه‌تباركردووه‌و داوایكردووه‌ ڤاتیكان هه‌وڵه‌كانی بخاته‌گه‌ڕ".

 راشیگه‌یاندووه‌، پێویستە بەخێرایی هەنگاو بنێین بۆ رزگارکردنی ئەو کەنیسە زۆر کۆنەی کە له‌لایه‌ن قوتابی عیسا تۆماس لە عێراق دامەزراوه‌.

پێشتر كاردیناڵ لویس ساكۆ، سەرۆكی كەنیسەی كاسۆلیكی كلدانه‌كان لە عێراق و جیهان رایده‌گه‌یه‌نێت، بەرامبەر ئه‌و میلیشیایانه‌ وەستاوه‌ کە دەیانویست دەست بەسەر پێکهاتەی كریستیان و كورسی كۆتا و پشک و وەزارەت و فەرمانگەی وەقفی كریستیان و موڵک و ماڵیاندا بگرن. كریستیان نشینێكی به‌غداش ده‌ڵێت، دەمانەوێت لە سیاسەت دوور بین و نامانەوێت دەستوەردان لە سیاسەتدا بکەین.

كێشه‌ و ململانێی نێوان چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی كریستیانه‌كان رۆژه‌ڤی ئێستای عێراقه‌ و كشانه‌وه‌ی مه‌رسوومی كۆماریش له‌ كاردیناڵ ساكۆ، دۆخه‌كه‌ی زیاتر شڵه‌قاند و وایكرد لویس ساكۆ لە تەممووزی 2023 نووسینگه‌ و كاروباره‌كانی بۆ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان بگوازێته‌وه‌.

ئەمەش دوای ئەوەی لە ژمارەی (4727)ـی رۆژنامەی وەقایعی عێراق لە (3ـی تەممووزی 2023)، سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە مەرسومی ژمارە (31) بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بڵاوکردووەتەوە کە تایبەتە بە کاردینال پاتریارک لویس رافایل ساکۆ، لە روونکردنەوەیەکدا لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، کشانەوەی مەرسومی سەرۆکایەتی زیان بە پێگەی ئایینی یان یاسایی کاردینال لویس ساکۆ ناگەیەنێت چونکە لەلایەن قەداسەتی پاپا فرەنسیس و کڵێسای کاسۆلیکییەوە ئەو پلەی پاتریارکی کڵێسای کلدانی عێراق و جیهانی پێبەخشراوە.

هەروەها لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەشکردووە، "کشانەوەی مەرسوومەکە، بۆ راستکردنەوەی دۆخی دەستووری هات و مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013 بەبێ بنەمایەکی دەستووری یان یاسایی بوو، هەروەها بەهۆی داواکردنی مەرسومی هاوشێوەی سەرۆکایەتی لەلایەن سەرۆکی کڵێساکان و پێکهاتەکانی ئایینی دیکەوە، بەبێ بنەمایەکی دەستووری".