زانیاری ورد لەسەر دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێتی لە نێوان عێراق و سووریادا ئاشکرا دەکرێت

K24 - هەولێر
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق وردەکاری نوێ سەبارەت بە دروستکردنی دیوارێکی کۆنکرێتی لەسەر سنووری عێراق - سووریا ئاشکرا کرد، هاوکات سەرچاوە سەربازییەکان دووپاتیانکردەوە کە ئامانجی ئەم دیوارە رێگریکردنە لە دزەکردنی ئەندامانی داعش، هەروەها رێگریکردنە لە قاچاخچێتی بە چەک و ماددەی هۆشبەر لە ناوخۆی عێراق بۆ سوریا و لوبنان.
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، تەحسین خەفاجی، بە ئیرەم نیوزی راگەیاند، "حکومەتی عێراق جدییە لە پرسی ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ هەموو وڵاتانی ناوچەکە، هەروەها تایبەتمەندییەک هەیە بۆ پرسی سنووری هاوبەش لەگەڵ سووریا، بە تایبەت کە دۆخی سووریا هێشتا ناسەقامگیرە"، هەروەها دزەکردنی ئەندامانی داعش و قاچاخچییەکانی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو عێراق بووەتە هۆی دیواری کۆنکرێتی لەنءوان هەردوولا دروست بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "دیوارە کۆنکرێتییەکە درێژەپێدەری دیوارێکی پێشووە کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر کاری لەسەر کراوە، درێژییەکەی 50 کیلۆمەتر دەبێت و 15 ملیار و 140 ملیۆن و 400 هەزار دیناری تێدەچێت، گوتیشی: مانگی داهاتوو کار لەسەر جێبەجێکردنەکەی دەستپێدەکات، دوای ئەوەی تەندەری ئەم پڕۆژەیە دەدرێت بە یەکێک لە کۆمپانیا ناوخۆییەکانی تایبەت بەو بابەتە".
خەفاجی دەشڵێت: "ئەم هەنگاوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی سنووری عێراق و سووریا دێت و بەتەواوەتی کۆنترۆڵ دەکرێت، هەروەها لە ماوەی ساڵی داهاتوودا کاردەکەین بۆ تەواوکردنی دروستکردنی دیوارەکە بەدرێژایی سنووری هەردوو وڵات، بۆ ئەوەی رێگری لە هەر جۆرە کەلێنێک بکەین، کە رەنگە بۆ دزەکردنی ئەندامانی داعش یان ئۆپەراسیۆنەکانی دزەکردنی باندەکان و کەسانی دەرەوەی یاسا بقۆزرێتەوە.
لە مانگی ئایاری ساڵی 2021ەوە هێزەکانی عێراق دەستیان کردووە بە هەڵکەندنی خەندەقێک بە پانی و قوڵایی سێ مەتر، کە عێراق و سووریا لەیەک جیادەکاتەوە، هەروەها تاوەر و تەلی دڕکاوی و کامێرای چاودێرییان بۆ ناوچەکە دابینکردووە بۆ رێگریکردن لە دزەکردنی کەسانی نایاسایی.