دەنگۆی مەترسی رووخانی بەنداوی مووسڵ هاووڵاتییانی شارەکەی نیگەران کردووە

K24 - مووسڵ
دەنگۆی مەترسی رووخانی بەنداوی مووسڵ و کاردانەوەکانی لە سۆشیاڵ میدیا دانیشتوانی مووسڵی نیگەران کردووە، شارەزایەکی بەنداوەکانیش، مەترسی رووخانی بەنداوەکە رەتدەکاتەوە و دەڵێت: ئەو دەنگۆیانە تەنیا بۆ ترساندنی خەڵکە و ئەو بابەتە دوورە لە راستییەوە.
ئەحمەد زەیدی، چالاکوانی سۆشیال میدیایە و دانیشتووی شاری مووسڵە دەڵێت: "بڵاوبوونەوەی پڕوپاگەندەی مەترسی روخانی بەنداوی مووسڵ کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر دانیشتووانی مووسڵ و نیگەرانی کردون، هەندێک خەڵک باوەڕیان بەو پڕوپاگەنەدانە کردووە، هەر کاتێک لە وڵاتێکی تر لافاو هەڵدەستێ خەڵک لە مووسڵ دەترسن".
پسپۆران لە مووسڵ بەردەوام چاودێری بەنداوی مووسڵ دەکەن و پێیان وایە هیچ مەترسییەک لەسەر بەنداوی مووسڵ نییە.
د. خەلیل یونس، پسپۆری بەنداوەکان بە کوردستان24ی گوت: "لای خەڵکی مووسڵ ترس لە روخانی بەنداو دروستبووە، بەتایبەتی دوای روخانی بەنداوی دەرنە لە وڵاتی لیبیا، دەنگۆکە گەرمتر بووە، ئێمە بەردەوام چاودێری بەنداوی مووسڵ دەکەین، هیچ مەترسییەک لەسەر بەنداوەکە نابینین".
بەنداوی مووسڵ توانای 11 ملیار مەتری سێجا عەمبارکردنی ئاوی هەیە، بەڵام ئێستا سێ ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە. لە چەند رۆژی رابردوودا تۆڕی ناشناڵ جوگرافی ئەمەریکی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەنداوی مووسڵ بە مەترسیدارترین بەنداو دادەنرێت و هۆشداری لە دووبارە بوونەوەی کارەساتی شاری دەرنەی لە مووسڵ داوە، کە بە داڕمانی بەنداوی مووسڵ دەبێتە هۆی گیان لەدەستدانی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس، بەڵام پسپۆرانی چاودێر لە بەنداوی مووسڵ رەتیدەکەنەوە هیچ مەترسییەک لەسەر بەنداوەکە هەبێت.