گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق: سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا هەڵنەوەشاوەتەوە

K24 - هەولێر
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەتیدەکاتەوە سەردانە چاوەڕاونکراوەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا هەڵوەشابێتەوە و دەڵێت، "لەگەڵ لایەنی تورکی کار بۆ دەستنیشانکردنی کاتی سەردانەکە دەکەین". ئاماژە بەوەش دەدات، "رێککەوتنە ئەمنییەکەی عێراق و ئێران چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئەیلوولی 2023، ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24، رایگەیاند: "رێککەوتنە ئەمنییەکەی نێوان ئێران و عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دوورخستنەوەی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەکان لەسەر سنووری هەردوو وڵات چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەستوور رێگەنادات خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی ناوچەکە بەکاربهێندرێت".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رەتیکردەوە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق هەڵوەشابێتەوە و دەڵێت، "لە ئێستادا هەماهەنگی پرۆتۆکۆڵی لەگەڵ لایەنی تورکی دەکرێت بۆ دەستنیشانکردنی کاتی سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و، هەر کە دەستنیشانکرا بە راگەیەندراوی فەرمی ئاشکرای دەکەین".
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئەیلوولی 2023، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئاژانسی "نۆڤۆستی" راگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەنیازە پێش کۆتایی هاتنی ئەمساڵ سەردانی رووسیا بکات.
لەوبارەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی: "تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی لەبارەی کاتی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووسیا ئاگادارنەکراوینەتەوە، بەڵام حکومەتی عێراق سوورە لەسەر بەرەوپێشبردن و بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلی عێراق".
ئەحمەد سەحاف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق تا ئێستا لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەگەڵ سەرکردەی چەندین وڵات کۆبووەتەوە و لەم رۆژانەدا لەگەڵ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کۆدەبێتەوە و پەیوەندییە ستراتیژییەکانی بەغدا و واشنتن و پرسە ئەمنی و ئابوورییەکان تاوتوێ دەکەن.
وەکو ئەوەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی کرد، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش هاتوونەتە عێراق و بەهۆی نەمانی داعش ئێستا رۆڵەکەیان لە شەڕکردنەوە بۆ راوێژ و راهێنانی سەربازیی گۆڕاوە؛ هاوپەیمانان ئێستا راهێنان بە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن و کار لەسەر باشترکردنی توانا سەربازییەکانیان دەکەن.