به‌ بۆنه‌ی رۆژی ئاشتی جیهانی "دیداری كوردستان بۆ ئاشتی" له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو

دیداری كوردستان بۆ ئاشتی
دیداری كوردستان بۆ ئاشتی

K24 - هەولێر:

هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ناوچه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێشه‌ بۆ ئاشتی و به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌ جیاوازه‌كان و ئاشتی و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان بووه‌ته‌ دوو هێمای ناسنامه‌ و پێناسه‌ی كوردستان له‌ رابردوو و ئێستادا، هاوكات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌ به‌ فه‌رمی گرنگی به‌و بواره‌ ده‌دات و له‌میانه‌وه‌ چه‌ندین ده‌ستكه‌وتی ئاسایشی سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ئایینی، رۆشنبیری، كولتووری و ته‌ناهی به‌ده‌ستهێناوه‌.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 21ـی ئه‌یلوولی 2023) رۆژی جیهانی ئاشتی بوو، له‌ هه‌رێمی كوردستانیش بایه‌خ به‌و رۆژه‌ درا و به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی و به‌ هه‌ماهه‌نگی تۆڕی هاوپه‌یمانی كه‌مینه‌كانی عێراق‌ "دیداری كوردستان بۆ ئاشتی" له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ تێیدا ژماره‌یه‌ك پانێڵ له‌لایه‌ن هه‌ر یه‌ك له‌ قه‌شه‌ زه‌یا شابا، نوێنه‌ری مه‌سیحییه‌كان، شێخ ئیبراهیم، نوێنه‌ری موسڵمانان، خێری بۆزانی، نوێنه‌ری ئێزدییه‌كان، ره‌حیق نه‌شئه‌ت سافی، نوێنه‌ری به‌هائییه‌كان، سه‌فاء ثامر، نوێنه‌ری سابیئه‌كان، سه‌فه‌ر هاواری، نوێنه‌ری كاكه‌ییه‌كان، ئه‌نداز حه‌وێزی، نوێنه‌ری زه‌رده‌شتییه‌كان و شێركۆ عوسمان لاسۆك، نوێنه‌ری جووه‌كانی كوردستان پێشكه‌ش كرا.

له‌ سه‌ره‌تای به‌ڕێوه‌چوونی دیداره‌كه‌دا، پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تێیدا جه‌ختی له‌سه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و دووپاتی كرده‌وه‌، به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان بووه‌ته‌ ناسنامه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی جیهان و كۆمه‌ڵگه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ رێگه‌ی داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كاندا بایه‌خی زیاتر به‌و بابه‌ته‌ ده‌دا و پارێزگاری له‌ ئاشتی و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان ده‌كات وه‌ك یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌ گرنگه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان.

له‌وباره‌یه‌وه‌ شێخ ئیبراهیم به‌رزنجی، به‌ڕێوه‌به‌ری توێژینه‌وه‌ و ئیرشاد له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاق و كاروباری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، دیداری كوردستان بۆ ئاشتی یه‌كێكه‌ له‌ دیداره‌ گرنگه‌كان كه‌ هه‌رێمی كوردستان هاوشانی جیهان، رۆژی ئاشتی به‌رز راده‌گرێت و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئاینییه‌وه‌ چالاكی جۆراوجۆر ئه‌نجام ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بۆنه‌ جیهانییه‌كان دانه‌بڕێت، به‌ڵكو له‌ رووی چۆنیه‌تی و كردارییه‌وه‌ پێش زۆربه‌ی وڵاتان و گه‌لان كه‌وتووه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری توێژینه‌وه‌ و ئیرشاد له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاق و كاروباری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، هه‌رێمی كوردستان به‌ كرده‌وه‌ سه‌لماندوویه‌تی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بووه‌ته‌ پێشه‌نگی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ و خزمه‌ت. هه‌روه‌ها گوتی، ده‌یان ساڵه‌ سه‌ركرده‌ گه‌وره‌كانی كورد كار بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و ئاشتی كوردستان ده‌كه‌ن، له‌ ئێستاشدا له‌وه‌ته‌ی دامه‌زراندنی قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و به‌یه‌كه‌وه‌ژیان و ئاشتییه‌ پارێزگاری لێ كراوه‌ و لێی ده‌كرێت.

كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ساڵی 1981 به‌ بڕیاری 67/36 رۆژی 21ـی ئه‌یلوولی هه‌موو ساڵێكی وه‌ك رۆژی ئاشتی جیهانی دیاریكرد، كه‌ له‌م رۆژه‌دا داوا له‌ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كان ده‌كات پابه‌ندی راگرتنی كار و كرده‌وه‌ توندوتیژ و دوژمنكارییه‌كان بن و رۆشنبیری و هۆشیاری ئاشتی له‌نێویانیاندا زیندوو بكه‌نه‌وه‌.