فوئاد حوسێن: لایەنی عێراقی ئامادەکاریی دەکات بۆ سەردانەکەی سوودانی بەرەو مۆسکۆ

K24 - هەولێر

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لایەنی عێراقی کاردەکات بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووسیا.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، " فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە عێراق لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە پەراوێزی بەشداریکردنی کۆبوونەوەکانی 78مین دانیشتنی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە".

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر هاریکاری هاوبەش و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات کردووە.

وەزیری دەرەوە گوتیشی: "لایەنی عێراقی کاردەکات بۆ تەواوکردنی ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ سەردانەکەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بۆ مۆسکۆی پایتەختی رووسیا، کە لە چەند هەفتەی داهاتوودا سەردانەکە ئەنجامدەدرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا لە میانەی سەردانەکەدا دەرفەتێکی گونجاو دەڕەخسێنێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەماهەنگییە دوو قۆڵییەکان لە بوارەکانی سیاسی و ئابووریدا و ئاماژە بە ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لیژنەی هاوبەشی عێراق و رووسیا دەکات لە پەراوێزی ئەم سەردانەدا."

وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند، "وڵاتەکەی بە پەرۆشە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات"، هەروەها ئاماژەی بە خواستی وڵاتەکەی کرد بۆ سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ مۆسکۆ.