بەشێک لە پارەی مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی

K24 – هەولێر
ئەمڕۆ 250 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر بڕی 250 ملیار دینار لە رێگای بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
شێروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی بانکی TBI، 200 ملیار و بانکی رەشید 250 ملیار دەخەنە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی، لەگەڵ ئەو 250 میار دینارەی کە ئەمڕۆ لەلایەن بانکی رافیدەین خراوەتە سەر هەژماری بانکی دارایی، کۆی گشتی پارەکە دەکاتە 700 ملیار دینار.
لەبارەی دابەشکردنی مووچە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە کوردستان24ی راگەیاند، پاش کەمێکی دیکە لە لە وەزارەتی دارایی کۆدەبنەوە، بۆ چۆنیەتی دابەشکردنی مووچە و راگەیاندنی خشتەی مووچە لە نزیکترین کاتدا.
دوای سەردانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و لایەنە سیاسییەکان، لە کۆبوونەوەی 17/9/2023، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی مووچەی سێ مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان درا، کە بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینار دیاریکراوە، کۆی گشتی دەکاتە دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا 700 ملیار دینار لە رێگەی هەردوو بانکی رەشید و تی بی ئای رافیدەین/ لقی هەولێر، وەک قەرز دەخرێتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان.
لە کۆبوونەوەی (8ی ئەیلوولی 2023) ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد، لەگەڵ گەیشتنی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، راستهخۆ بێ دواکەوتن دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز بکرێت.
پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، ئەو 700 ملیار دینارەی کە وەک قەرز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەنێردرێت بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ مووچەی مانگی تەممووز تەرخاندەکرێت.