قوتابییانی زانکۆی مووسڵ لە کەمی بەشەناوخۆیی نیگەرانن

K24 - مووسڵ
زانکۆی مووسڵ یەکێکە لە گەورەترین زانکۆکانی عێراق، ئێستا زیاتر لە 60 هەزار قوتابی لەو زانکۆیە دەخوێنن، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ نزیکەی 10 هەزار قوتابی نوێ لە زانکۆکە وەربگیرێن، بەڵام بەهۆی کەمی بەشەناوخۆیی قوتابییانی دەرەوەی شاری مووسڵ نیگەرانن.
موحسین حەمۆ، قوتابییەکی کوردی ئێزدییە لە زانکۆی مووسڵ دەڵێت: "بەشەناوخۆیی وەک پێویست نییە بۆ ئەوەی قوتابیان لێی بمێنێتەوە، ئەوانەی خەڵکی دەوروبەری مووسڵن بەهۆی خراپی رێگایەکەیان ناتوانن رۆژانە هاتووچۆ بکەن".
یەکێک لەو رووداوانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا کاریگەری نەرێنی هەبوو بەسەر شارەکە لە هەموو رووێکەوە شەڕی داعش بوو، قوتابییەک بەناوی محەممەد هاشم بە کوردستان24ی گوت: "شەڕی داعش و ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی شارەکە لەژێر دەستی داعش کاریگەری زۆری هەبوو، بە سەدان قوتابی بەو هۆیەوە وازیان لە خوێندن هێنا".
د. مونیر جاسم، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی مووسڵ بە کوردستان24ی راگەیاند، بەشەناوخۆیی قوتابیان نۆژەن کراونەتەوە و لە پلانیان دایە لە داهاتوودا بەشەناوخۆیی دیکەش دروست بکەن، بەتایبەتی بۆ کچان.
بە گوتەی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی مووسڵ لە مانگەکانی داهاتوودا کێشەی نەبوونی بەشەناوخۆیی بۆ قوتابیانی زانکۆکەیان چارەسەر دەکرێت.
زانکۆی مووسڵ لە ساڵی 1967 دامەزراوە و ئێستا 24 کۆلێژ و زیاتر لە 120 بەشی زانستی هەیە و 60 هەزار قوتابی لەو زانکۆیە دەخوێنن.