ئه‌ردۆغان به‌رپرسانی سه‌ربازی توركیا ده‌گۆڕێت
K24 – هه‌ولێر
سه‌رۆك كۆماری توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سه‌ربازی بۆ گۆڕین و لابردنی ژماره‌یه‌ك به‌رپرسانی سه‌ربازی هێزه چه‌كداره‌كانی وڵاتەكەی ئیمزا كرد.
فه‌رمانده‌ی سوپای دووی توركیا له‌سه‌ر كار لابرا و كه‌سێكی تر له شوێنی دانرا كه ئه‌م سوپایه له ناوچه كوردییه‌كانی باكووری كوردستانه. هه‌روه‌ها فه‌رمانده‌ی جه‌ندرمه‌ی توركیا له‌سه‌ر كار لابرا و كه‌سێكی تر له شوێنی دانراوه.
به‌ڵام فه‌رمانده‌ی هێزه چه‌كداره‌كانی توركیا، له‌سه‌ر كاره‌كه‌ی مایه‌وه كه له لایه‌ن كوده‌تاچییه‌كانه‌وه به دیل گیرابوو.
پله‌ی 99 كۆلۆنێل بۆ ژه‌نراڵ و ئه‌دمیرال به‌رز كراوه‌ته‌وه و 47 ژه‌نراڵی دیكه له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵ خانه‌نشین ده‌كرێن.
بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سه‌ربازی توركیا پاش ئه‌وه‌ی دێت، كه له چوارچێوه‌ی باری نائاسایی توركیا هه‌زار و 684 ئه‌فسه‌ر و سه‌رباز له ریزه‌كانی سوپای توركیا ده‌ركراون كه پلاندانه‌رانی كوده‌تا و چه‌ندین ژه‌نه‌راڵ له‌نێویاندان.
ئه‌وانه‌ی كه ده‌ركراون تۆمه‌تبارن به ئه‌ندامه‌تی یان لایه‌نگری له جه‌ماعه‌تی گوله‌ن كه "به رێكخراوی تیرۆریستی فه‌تحوڵڵاچی" ناونراوه.