کونسوڵی تورکیا: هەرێمی کوردستان لە رووی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە هاوبەشێکی گرنگە بۆ تورکیا

مەمەد مەولوود یاقوت کونسوڵی تورکیا لە هەولێر
مەمەد مەولوود یاقوت کونسوڵی تورکیا لە هەولێر

K24 - هەولێر

مەمەد مەولوود یاقوت، کونسوڵی تورکیا لە هەولێر، لەمیانی وتارێكیدا لە یەکەمین کۆبوونەوەی کۆڕبەندی بازرگانی و پیشەسازی عێراق، رایگەیاند، پابەندن بە پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

کونسوڵی تورکیا لە هەولێر، گوتی: "ئامادەبوونمان لێرەدا ئەوە دەردەخات کە تورکیا پابەندە بە بەهێزکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان لەگەڵ هاوبەشەکانی. ئێمە لەگەڵ هەرێمی کوردستان سنوورێكی هاوبەش و مێژووییەکی دوور و درێژمان هەیە، هەرێمی کوردستان لە رووی كولتوور و وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە هاوبەشێکی گرنگە بۆ تورکیا، کۆبوونەوەی ئەمڕۆش لە داهاتوودا دەرگای هاوکاری زیاتر دەکاتەوە".

گوتیشی: "ئەم كۆڕبەندە دەرفەتێکی گرنگە بۆ رەخساندنی ھەلی کار و نیشاندانی ئەو توانایانەی کە لە پێشمانن بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکانمان، با پێکەوە دەرفەتی نوێ بدۆزینەوە، بۆچوونەکانمان هاوبەش بکەین و هاوبەشی بەردەوام دروست بکەین، زۆر گەشبینم بە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان".