رووسیا پلانی هەیە ساڵی داهاتوو بودجەی سەربازی بە رێژەی لە سەدا 70 زیاد بکات

K24- هەولێر
رۆژنامەی لۆ مۆندی فەڕەنسی بڵاویکردەوە رووسیا پلانی هەیە ساڵی داهاتوو بودجەی سەربازیی خۆی بە ڕێژەی لە سەدا 70 زیاد بکات، لەگەڵ ئەگەری دوو هێندەکردنی خەرجییە نهێنییەکانی حکومەت بۆ قەرەبووکردنەوەی نائاسایی کە دەدرێت بە خێزانەکانی سەربازە کوژراوەکان.
ئاژانسی فرانس پریس بڵاوی کردەوە، بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی دارایی رووسیا، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، مۆسکۆ بودجەی سەربازی وڵاتەکەی بۆ ساڵی 2024، لە %70 زیاد دەکات.
لەبەڵگەنامەکەدا هاتووە، خەرجییەکانی وەزارەتی بەرگری رووسیا، زیاتر لە 68% زیاد دەبێت لەسەر بنەمای بودجەی ساڵانە کە دەگاتە 10.8 تریلیۆن رۆبڵ (111.15 ملیار دۆلار)، ئەمە نزیکەی لە سەدا 6ـی داهاتی ناوخۆیی پێکدەهێنێت، کە زیاترە لە خەرییەکانی سیاسەتی کۆمەڵایەتی.
بەگوێرەی ئامارەکانی بلۆمبێرگ، خەرجییەکانی بەرگری لە بودجەی جەنگی ساڵی 2023دا گەیشتووەتە 63 ملیار یۆرۆ و 3.9%ـی داهاتی ناوخۆیی رووسیا، لە کاتێکدا خەرجییە سەربازییەکانی رووسیا لە ساڵی 2021دا گەیشتە 2.7%ـی تێکڕای داهاتی ناوخۆیی.
جێگەی باسە رووسیا بەهۆی هێرشەکانی سەر ئۆکرانیا چەک و تەقەمەنییەکی زۆری بەکار هێناوە، هەروەها سەربازێکی زۆریشی لێ کوژراوە، جا بۆ ئەوەی سەربازی نوێ دابمەزرێنێت و چەکی زیاتر بەرهەم بهێنێت پێویستی بە خەرجییەکی زۆرە.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2022دا رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا بەشێکی خاکەکەی داگیرکرد و بەدەیان هەزار سەربازی لەوشەڕەدا کوژراوە.