پشتیوان سادق: لە کارەساتەکاندا پێکەوەژیان و برایەتی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەردەکەوێت
K24 – هەولێر:
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرسەی قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییە، پرسەی هەموو هەرێمی کوردستان بوو، بۆیە نوێنەر و پیاوانی ئایینی هەر ئەو هەشت ئایینەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ دڵنەوایی و هاوخەمی کەسوکاری قوربانییەکان، بەشدارییان لە پرسەکەیان کرد.
رۆژی شەممە (30ـی ئەیلوولی 2023)، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەوەی لەسەر راسپارەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەرکێک خزمەتێکی باش پێشکەش بە بریندارانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی حەمدانییە کرا، سەرجەم پێکهاتە ئایینییەکانیش هاوخەمی و هاوسۆزی خۆیان بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەربڕی و بەشدارییان لە پرسەکەیاندا کردووە.
پشتیوان سادق گوتیشی، زانا و پیاوانی ئایینی هەر ئەو هەشت ئایینەی لە هەرێمی کوردستان، پەیڕەوانیان هەیە، بەشداریییان لە پرسەی قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییە کردووە و هەموو پێکەوە هاوسۆز و هاوخەمی برایانی کریستیان بوون لەو کارەساتەی لە حەمدانییە روویداوە.
لەبارەی بەشداری و هاوخەمی بەشێکی لە مامۆستایانی ئایینی ئیسلامیش لە پرسەی قوربانییانی رووداوەکەی حەمدانییە، پشتیوان سادق ئاماژەی بەوەکرد، ئەمە نیشیانەی پێکەوەژیان و برایەتی لەمێژینەی هەرێمی کوردستانە کە لە خۆشی و ناخۆشیدا هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان پێکەوەن و لە کارەسات و لێقەومانەکاندا، پشتگیری یەکدەکەن و زیاتر ئەو پێکەوەژیان و برایەتییە دەردەکەوێت.
لە بەشێکی دیەی قسەکانیدا، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی لەسەر ئەوەکردەوە، کارەساتەکان زیاتر کۆماندەکاتەوە و بەهۆی ئەو ئارامییەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، 90%ـی کریستیانەکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان دەژین.
درەنگانی شهوی سێشەممە (26ـی ئەیلوولی 2023) له هۆڵێكی ئاههنگگێڕانی هاوسهرگیری له قهزای حهمدانییه، ئاگر كهوتهوه و بههۆیهوه زیاتر له 100 كهس گیانیان لهدهستداوه و بهسهدان كهسیش برینداربوون و لهسهر ئاستی عێراق و جیهانیش كاردانهوهی لێكهوتهوه.
دوای رووداوەکە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و تەندروستی راسپارد، بەهانای لێقەوماوانەوه بچن و تا ئێستاش ژمارەیەک برینداری ئەو رووداوە بۆ نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گواستراونەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە (30ـی ئەیلوولی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانەی ئیمرجێنسی هەولێر، بریندارەکانی رووداوەکەی حەمدانییەی بەسەرکردەوە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ خواستن، دواتریش لە عەنکاوە بەشداری لە پرسەی قوربانییانی ئەو رووداوە کرد و هاوسۆزی و هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان و کریستیانەکان دووپاتکردەوە.