تەلار لەتیف بۆ کوردستان24 مەرجەکانی ئەندامبوون لە سەرکردایەتی یەکێتی ئاشکرا دەکات

تەلار لەتیف، گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی
تەلار لەتیف، گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی

K24 – سلێمانی:

گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی بۆ سەرکردایەتی خۆی هەڵدەبژێرێت دەبێت سومعەیەکی باشی هەبێت و دانەبڕاوبووبێت لە یەکێتی.

رۆژی شەممە (30ـی ئەیلوولی 2023)، تەلار لەتیف، گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە ئەوە یەکلایی کرایەوە، کە وەزیر، بریکاری وەزیری و پەرلەمانتاران بۆیان نییە خۆیان بۆ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کاندید بکەن.

تەلار لەتیف ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هەر یەکێک کە ئێستا لەو پۆستانەدان، بیەوێت واز لە پۆستەکەی بهێنێت، ئەوا دەتوانێت ببێتە ئەندامی سەرکردایەتی.

لەبارەی مەرجەکانی ئەندامبوون لە سەرکردایەتی یەکێتی، تەلار لەتیف رایگەیاند، ئەوەی بۆ سەرکردایەتی خۆی هەڵدەبژێرێت دەبێت تەمەنی لە 30 ساڵ کەمترنەبێت، سومعەیەکی باشی هەبێت و لە رووی یاساییەوە هیچ پێشینەیەکی سزادانی نەبێت و لە کاری حزبیشدا، دانەبڕاوبووبێت لە یەکێتی.

هاوکات گوتەبێژی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی روونیکردەوە، بڕیاردراوە رێژەی ژنان لە ئۆرگانەکانی یەکێتیدا لە 25% کەمترنەبێت و لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتییشدا کە 60 کەس هەڵدەبژێردرێت، رەچاوی هەموو شار و شارۆچکەکان دەکرێت.

پێشتریش پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوای پەسەندکردنی 45 ماددە لە کۆی 64 ماددەی پەیڕەوی ناوخۆی حزب، کارەکانی رۆژی چوارەمی کۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆتاییهات و سبەی یەکشەممە (1ـی تشرینی یەکەمی 2023)، ئەندامانی کۆنگرە درێژە بەگفتوگۆکانیان دەدەن.

بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، دوای هاتنەدەرەوەیان لە هۆڵی کۆنگرە، بە رۆژنامەنووسانیان راگەیاند، بەشێکی زۆر لە ماددەکانی پەیڕەوی ناوخۆیان پەسەندکردووە و لە رۆژی پێنجەمی کۆنگرە ماددەکانی دیکەش پەسەند دەکرێت و دواتر پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی بەڕێوەدەچێت.

هاوکات لەبارەی شێوازی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، تاوەکو ئێستا ئەندامانی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، لە کاتێکدا لە رەشنووسی پەیڕەوەکەدا باس لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی دەکات بەشێوازی لیستی داخراو، ئەمەش رەخنەی زۆری لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرە لێکەوتووەتەوە.

رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023)، پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداری 600 ئەندام و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، هەر لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەدا، بافڵ تاڵەبانی بە سەرۆکی حزبەکە هەڵبژێردرا.