فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی فیلم لە تورکیا هەڵوەشێندرایەوە

پۆستەرێکی فێستیڤاڵەکە
پۆستەرێکی فێستیڤاڵەکە

K24 - هەولێر:

بەهۆی فیلمێکی دۆکیومێنتاریی سیاسی، فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی (Antalya Golden Orange Film Festival) لە تورکیا هەڵوەشێندرایەوە.

موهیتین بۆچێک، سەرۆکی شارەوانی ئەنتالیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەوبارەیەوە گوتی: بەداخەوە بە هەوادارانی فیلمسازی رادەگەیەنم، ئەمساڵ فێستیڤاڵی (Antalya Golden Orange Film Festival) کە بڕیاربوو لە 7 بۆ 14ـی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە کە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، هەڵوەشاوەتەوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، فێستیڤاڵەکە کە یەکێکە لە بەناوبانگترین فێستیڤاڵەکانی تورکیا، هەفتەی رابردوو فیلمی بەڵگەنامەیی (دیکۆمێنتاری)ـی "کانون حکمو" یان "فەرمان"ی لە لیستی فیلمەکانیدا لێ لابردرا.

فیلمەکە باس لە پزیشکێک و مامۆستایەک دەکات کە لەژێر باری نائاساییدا لە پۆستە حکومییەکانیان دوورخرانەوە، دوای کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیا کە ساڵی 2016 کرا.

فێستیڤاڵی فیلمی پرتەقاڵی زێڕینی ئەنتالیا (The Antalya Golden Orange Film Festival) لە 1963ـەوە ساڵانە لە ئەنتاڵیا بەڕێوەدەچێت و لە ساڵی 2015 وەک فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی ناسێندرا و دووەم گەورەترین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمە لە تورکیا.