فەرید ئەسەسەرد: یەکێتی بووە بە حزبی سەرۆکایەتی

"دەسەڵاتەکانی بافڵ تاڵەبانی هەمان دەسەڵاتی مام جەلالن"

K24 – هەولێر

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی راگەیاند، یەکێتی بووە بە حزبی سەرۆکایەتی و ئەو دەسەڵاتانەی بۆ بافڵ تاڵەبانی دانراوە هەمان دەسەڵاتەکانی پێشووی سکرتێری گشتییە، بەڵام بە کەمێک دەستکارییەوە.

فەرید ئەسەسەرد، بە کوردستان24ی گوت: "پێشتر سیستەمی پەرلەمانیمان هەبوو ئێستا بووەتە سەرۆکایەتی، بێگومان ئەو کەسەی سەرۆکە دەسەڵاتی زۆری دەبێت".

گوتیشی: "بافڵ تاڵەبانی هەمان دەسەڵاتەکانی مام جەلالی هەیە، بەڵام ئەوکات پەیڕەو بەو وردەکارییەوە نەچوو بووە ناو بابەتەکە، حیساب بۆ ئەوەشکراوە پێداویستییەکانی ئەمڕۆ پێویستی بە هەندێک دەسەڵات هەیە".

رۆژی 27/9/2023، کۆنگرەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی دەستیپێکرد، لە یەکەم رۆژی کۆنگرە بافڵ تاڵەبانی بە زۆرینەی دەنگ بە سەرۆکی یەکێتی هەڵبژێردرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکان تائێستا نەتوانراوە، ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵبژێردرێن.