نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌دوای 30 ساڵ بۆ یه‌كه‌م جار سه‌ردانی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باغ ده‌كات

4674
4674

K24 - هەولێر:

دوای ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی سه‌رجه‌م دانیشتووانی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باخ هه‌رێمه‌كه‌یان به‌جێهێشت و ئازربایجان هه‌رێمه‌ جووداخوازه‌كه‌ی كۆنتڕۆل كرده‌وه‌، نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان گه‌یشته‌ ناوچه‌كه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی ئازربایجان رایگه‌یاندووه‌، سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 1ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخ و پێداویستییه‌ مرۆییه‌كان گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌رێمه‌كه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م سه‌ردانی نێره‌ده‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ بۆ ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌وه‌ته‌ی ماوه‌ی سی ساڵی رابردوودا.

جووداخوازانی ئه‌رمه‌ن كه‌ ماوه‌ی سی ده‌یه‌یه‌ كۆنتڕۆڵی ناوچه‌كه‌یان كردووه‌، دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئازربایجان له‌ناو هێرشیان كرده‌ سه‌ریان، رازی بوون چه‌ك دابنێن و حكومه‌ته‌كه‌یان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه‌.

 رێككه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتدارانی جوداخوازی قه‌ره‌باغ له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئازربایجان، خه‌ونی چه‌ندین سه‌ده‌ی رابردووی ئه‌رمه‌نه‌كانی بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی خاكی دابه‌شكراوی بابوباپیرانیانی له‌نێوان هێزه‌ هه‌رێمییه‌كان و له‌وه‌ته‌ی چاخه‌كانی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ له‌ناو برد.

به‌ گوێره‌ی دوایین زانیارییه‌كان له‌میانی هێرشه‌كانی سوپای ئازربایجان بۆ سه‌ر ناگۆرنۆ قه‌ره‌باغ نزیكه‌ی 600 هاووڵاتی و 200 سه‌رباز له‌نێوان هه‌ردوولادا كوژراون. هاوكات به‌هۆی ئه‌و هێرشانه‌وه‌ زۆری نه‌مابوو هه‌رێمی ناگۆرنۆ قه‌ره‌باغ له‌ دانیشتووانه‌كه‌ی چۆڵ بێت، كه‌ نزیكه‌ی 120 هه‌زار كه‌س ده‌بن.

ئه‌رمینیا ده‌سه‌ڵاتدارانی ئازربایجان به‌ ئه‌نجامدانی تاوانی مرۆیی و "پاكتاوی ره‌گه‌زی" تۆمه‌تبار ده‌كات، له‌لای خۆیه‌وه‌ حكومه‌تی ئازربایجان داوای له‌ ئه‌رمه‌نه‌كان كردووه‌ هه‌رێمه‌كه‌یان به‌جێنه‌هێڵن و مافه‌كانیان پارێزراو ده‌بێت.

بڕیار وایه‌ رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی داهاتوو باشینیان، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌رمینیا و ئیلهام عه‌لیف، سه‌رۆكی ئازربایجان له‌ شاری غه‌رناته‌ له‌ ئیسپانیا چاویان پێكبكه‌وێت و ده‌ست به‌ دانوستانه‌كانیان بكه‌ن بۆ كۆتاییپێهێنانی ناكۆكی و دوژمنكارییه‌ مێژووییه‌كانی نێوانیان.

ناوچه‌ی قه‌ره‌باغ رووبه‌ره‌كه‌ی كه‌متر له‌ 3200 كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ ده‌بێت. له‌ مێژووی نوێدا چوار ململانێی گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، یه‌كه‌میان له‌ماوه‌ی نێوان ساڵانی 1988 – 1994 بوو، كه‌ بووه‌ هۆی كوژرانی 30 هه‌زار كه‌س و ئاواره‌بوونی هه‌زاران كه‌س له‌ هه‌ردوولا. پاشان له‌ 2016ـدا توندوتیژی و شه‌ڕ له‌نێوانیان هه‌ڵگیرسایه‌وه‌، دواتر له‌ ساڵی 2020 جارێكی دیكه‌ شه‌ڕ روویداوه‌ و نزیكه‌ی 6500 كه‌س له‌ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كدا له‌نێوان هه‌ردوولادا كوژران و ئه‌رمینیا رووبه‌ڕووی شكستێكی گه‌وره‌ بووه‌وه‌.