نۆبڵی پزیشکی دەدرێت بە دوو زانای داهێنەری تەکنەلۆجیای ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا

K24 - هەولێر:
کاتالین کاریکۆ و درو وایزمان بوون بە براوەی خەڵاتی نۆبڵی پزیشکی بۆ ساڵی 2023 بەهۆی داهێنانەکانیان لە دۆزینەوەی ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆڤید-19 لە رێگەی تەکنەلۆجیای نامەبەری ئارئێنئەی (ترشەڵۆکی شەکری ناوکی).
تۆماس پێرلمان، سەرۆکی کۆمەڵەی نۆبڵ ئەمڕۆ دووشەمە (2ـی ئۆکتۆبەر) لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سووید رایگەیاند، ئەو دوو زانایە بوون بە براوەی خەڵاتی نۆبڵ لە بواری پزیشکی.
هەروەها باسی لەوەشکرد، براوەکانی خەڵاتەکە "بەشدارییەکی بێوێنەیان" کرد لە دروستکردنی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا بۆ یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی دژ بە کۆرۆنا لە سەردەمی هاوچەرخدا.
کاتالین کاریکۆ پرۆفیسۆرە لە زانکۆی ساگان لە هەنگاریا و هەروەها لە زانکۆی پێنسەلڤەینیاش وانە دەڵێتەوە.
ڤاکسینی کۆرۆنای نامەبەری ئاڕ ئێن ئەی، جۆرێکە لە دروستکردنی بەرگری لەش لە دژی کۆرۆنا لە رێگەی راهێنانی خانەکانی لەشی مرۆڤ بۆ دروستکردنی دژە تەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

ئاڕ ئێن ئەی نامەبەر کاتێک دەچێتە خانەکانی لەشەوە لە رێگەی هەندێک رێنمایی تایبەتەوە سیسەتمی بەرگری لەشی مرۆڤ هان دەدات بۆ دروستکردنی دژە تەن ئەمەش لەرێگەی ڤایرۆسی ناچالاک کە هەڵی گرتووە، مەبەست لەم کارەش بریتیە لە پەیداکردنی دژە تەن بۆ ڤایرۆسی راستەقینە هەرکاتێک بچێتە لەشی مرۆڤەوە.
دکتۆر وایزمان بەڕێوەبەری بەشی داهێنانی ئاڕ ئێن ئەیە لە زانکۆی پێنسلڤەینیا کە بە هاوبەشی لەگەڵ دکتۆر کاتالین لە هەمان زانکۆ کاریان لەسەر ئەو تەکنەلۆجیا نوێیە کردووە بۆ دروستکردنی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنا.
لە کۆتایی 2019 و سەرەتای 2020، ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید-19) لە جیهاندا بڵاوبووەوە و جگە لە زیانی گیانی، بووە هۆی دروستبوونی چەندین قەیران کە هێشتاش کاریگەرییان لەسەر جیهان ماوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان زیاتر لە حەوت ملیۆن کەس تاکو ئێستا لە سەرانسەری جهیاندا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام بەرپرسانی رێكخراوی تهندروستی جیهانی پێیانوایە نزیکەی 20 ملیۆن كهس بههۆی كۆرۆناوه گیانیان لهدهستداوه.
براوەی خەڵاتی نۆبڵ بە بڕی 11 ملیۆن کڕۆنی سویدی کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار بە نرخی ئاڵوگۆری ئەمساڵ. بڕی پارەکەش لە میراتی زانای سویدی 'ئالفرێد نۆبڵ'ـەوە دابین دەکرێت کە دروستکەری خەڵاتەکەیه.
راگەیاندنی ناوی براوەکانی خەڵاتەکە ئەمڕۆ دووشەمە دەستی پێ کرد و بڕیار وایە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردوەوام بێت. لە رۆژانی داهاتووشدا، ناوەی براوەی خەڵاتەکانی نۆبڵ بۆ ئابووری، ئاشتی و فیزیا و کیمیا ئاشکرا دەکرێن.
براوەی خەڵاتەکان لە 10ی کانوونی یەکەم بانگهێشت دەکرێن بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکانیان کە هاوکاتە لەگەڵ کۆچیی دوایی ئالفرێد نۆبڵ.
تەنیا خەڵاتی ئاشتی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دابەشدەکرێت ئەوەش لەسەر راسپاردەی دامەزرێنەری خەڵاتەکەیە و، خەڵاتەکانی دیکە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید دابەشدەکرێن.