پێشانگایەکی کاریکاتێری لە گەلەریی میدیا کرایەوە

K24 – هەولێر:
لە دوای زنجیرەیەک پێشانگای کاریکاتێری لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، هونەرمەندی کاریکاتێرست "جەبار سابیر قادر" نوێترین کارە هونەرییەکانی خۆی بە ناونیشانی پەیامی پایز لە گەلەریی میدیا نمایشکرد.
"جەبار سابیر"ـی کاریکاتێرست لە لێدوانێکی بۆ کوردستان 24 گوتی: "پێشانگای پەیامی پایز، هاوکاتە لەگەڵ ئەم وەرزەدا و بووەتە ناونیشانی 140ـەمین پێشانگای من لە ژیانی هونەریمدا، کە گوڵبژێرێکە لە کار و بەرهەمە نوێیەکانم، کە زیاتر هەوڵمداوە کەسایەتیە کوردییەکانی نێو بواری هونەر و رۆشنبیری بە ئامادەبووانی پێشانگاکەم ئاشنا بکەم، جگە لەمەش گرفتە هەنووکەییەکان و کەموکوڕییەکانی ژیان بە زمانی سادەی کاریکاتێر بوروژێنم و سێبەرێکیش بۆ ئەوانە دروست بکەم، کە دەیانەوێت بە رق و کینە داوای مافەکانیان بکەن و ناتوانن بە زمانی گوڵ گوزارشت لە خەم و ئازارەکان بکەن و دەیانەوێت ژیان بە بەکارهێنانی چەمکی توندڕەوی روخساری ژیان ناشیرین بکەن".
پێشانگاکە زیاتر لە 50 کاریکاتێری تەنز ئامێز لەخۆوە دەگرێت و بە زمانی گوڵ گوزارشت لە گرفتە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی ئەمڕۆی کوردستان دەکات.
هونەرمەند "جەبار سابیر"، خاوەنی 140 پێشانگای هاوبەش و تایبەتە لە وڵاتانی رۆمانیا، چیک، کرواتیا، ئەڵمانیا، تورکیا، مەغریب و میسر و وڵاتانی عەرەبی. تا ئێستاش خاوەنی چەندین بڕوانامە و قەڵغانی رێزلێنانی پێدراوە و زۆربەی کاریکاتێرەکانیشی بوونەتە رووپەڕی رۆژنامە و گۆڤارە کوردی،عەرەبی و بیانییەکان، هەروەها ئەندامی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان، بەغدا و سەندیکای هونەرمەندانی جیهانە لە بواری کاریکاتێردا.




