هاووڵاتییانی عێراق هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەنرخێنن

K24 - هەولێر
هاووڵاتییانی شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، ستایشی هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە لە کاتی لێقەومانیان هاوکاریان پێشکەش کردون، دەشڵێن لە بازگەکانی ئاسایش بەبێ جیاوازی پێشوازیان لێدەکەن، هەموو تۆمەتێکیش رەتدەکەنەوە کە لە بازگەکان کێشەیان بۆ دروست بکرێت.
ئەحێزی نایف، دانیشتوی شاری مووسڵە دەڵێت: "رێکارە ئەمنییەکان پێوستن بۆ پاراستنمان، بەڵام ئێمە ئاسوودەین کە هاتووچۆ دەکەین لەنێوان هەولێر و مووسڵ، من زیاتر لە دە ساڵە هاتووچۆ دەکەم بۆ کوردستان سوپاس بۆ خوا ئاسوودەم، ئینشاڵڵا کوردستان پارێزراو دەبێت".
مونتەسەر ساڵح، هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی شاری مووسڵە، لە بەرامبەر ئەو هاوکاریانەی پێشکەشیان کراوە لە کوردستان دوای گەڕانەوەی بۆ مووسڵ ساڵی 2019 کچێکی لە دایکبووەو ناوی ناوە کوردستان.
ئەو دەڵێت: "ئێمە پێشتر کە لە کوردستان بوین ئاوارە بووين، خەڵک و حکومەت رێزی زۆریان گرتین و هاوکاری باشیان کردین. لە ساڵی 2019 کچێکم هاتە دنیا، منیش بیرۆکەم ئەوەم بۆ هات لە بەرامبەر ئەو خزمەت و هاوکارییەی لە کوردستان پێشکەشمان کراوە ناوی کچەکەم بنێم کوردستان، وەک خۆشەویستی و وەفا بۆ خەڵکی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشت بە خوا کوردستان زیاتر پێش دەکەوێت و شارەکانی دیکەی عێراقیش هاوشێوەی هەرێمی کوردستان پێشدەکەون".