باڵی کامیل حاجی عەلی لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیابووەوە و حزبێکی نوێی راگەیاند

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی باڵی کامیل حاجی عەلی
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی باڵی کامیل حاجی عەلی

K24 - هەولێر

باڵی کامیل حاجی عەلی لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان جیابووەوە و حزبێکی نوێی بە ناوی 'بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان' راگەیاند.

گۆران نووری، ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە باڵی کامیل حاجی عەلی؛ بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا جیابوونەوەی باڵەکەیان لە بزووتنەوەکە راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە،  "لەبەر روونەدانی کاری نەخوازراو و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی، بڕیارماندا بەشداری لە کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی نەکەین".

گۆران نووری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "پڕۆژەی حیزببوونی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی کوردستان رادەگەیەنین و هەموو رێوشوێنە یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ تۆمارکردنی وەک حیزبێکی فەرمی لە عێراق و هەرێمی کوردستان".

 

 

هەر لەبارەی هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی، گۆران نووری گوتی: "بە هەبوونی بەڵگە دەمانزانی کۆنگرە بەپێی یاسا و پەیرەوی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی بەڕێوەناچێت. ئێمە لەسەر چەند خاڵێک ناڕازی بووین، بەڵام ئەوان (باڵەکەی عیرفان عەبدولعەزیز) سووربوون لەسەر جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانمان، چونکە بە ویستی ئەوان نەبوون؛ لەگەڵ ئەوەش بڕیارماندا بەشداری لە کۆنگرەدا بکەین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دوانەخرێت".

وەکو ئەوەی ئەو ئەندامەی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی باسی دەکات، "هەرچەندە لە لایەن کۆمیسیۆنەوە دڵنیاکراینەوە و پێمان راگەیەندرا، رێگە بە هیچ پێشێلکارییەک نادەن و کۆنگرەکە بەگوێرەی یاسا و پەیرەوی بزووتنەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەداخەوە وا دەرنەچوو."

بە گوتەی گۆران نووری، "بزووتنەوەی ئیسلامی رۆژ بە رۆژ بەرەو لاوازی و بچووکبوونەوە دەچێت، بەتایبەت لەلایەن کوڕ و منداڵەکانی مامۆستا مەلا عەلی؛ هەموو ئۆباڵی شکست و دۆڕان و دواکەوتنەکان لە ئەستۆی ئەواندایە، کە بزووتنەوەکەیان کردووەتە قوربانی پۆست و کورسی و دەسەڵات، پێشێلکاری و ململانێ و، پابەند نابن بە رێسا و یاسا حزبییەکان".

ئەو ئەندامەی باڵەکەی کامیل حاجی عەلی هۆکارێکی دیکەی بەشدارینەکردنیان لە کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ "ئەنجامدانی گەورەترین ساختەکاری لەلایەن باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز" دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت، ناوبراو "واژووی ساختەی کردووە، زانیاری و نووسراوی ساختەی داوەتە کۆمسییۆن و هەشت مانگ نووسراوی 476 ـی کۆمیسیۆنی شاردووەتەوە کە باس لە هەڵوەشاندنەوەی کۆنگرە دەکات، وێرای دەستکاریکردن لە لیستی دەنگدەران، سڕینەوەی کۆمەڵێک ناو و زیادکردنی کۆمەڵێک ناوی دیکە".

گۆران نووری ئاماژەی بەوەش کرد، "عیرفان عەلی عەبدولعەزیز بە دووبارە خۆهەڵبژاردنەوەی پەیرەوی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامی پێشێلکردووە و پەیمانەکەی شکاندووە" و " گوێ بە هیچ دەنگێکی ناڕەزایەتی و ئیسلاخوازی نادەن، بەڵکوو کار لەسەر کپکردن دەکەن و هەموو رێکارەکان بۆ مانەوەی خۆیان دەگرنەبەر".

بە گوتەی ئەو ئەندامەی پێشووی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، "زۆر هەوڵدرا بۆ گەڕانەوەی شکۆی بزووتنەوەی ئیسلامی و لەو پێناوەدا حاجی کامیل ئامادە بوو دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر هەوڵی زانایانی نەنرخاند لە چارەسەرکردنی کێشەکانی بزووتنەوە".

عیرفان عەلی عەبدولعەزیز: کەس ناتوانێت بە زۆر کەسێک بهێنێتە نێو کاری حزبی

هاوکات بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئۆکتۆبەری 2023، پێش دەستپێکردنی گەڕی دووەمی کۆنگرەی دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە سلێمانی، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "کەس ناتوانێت بە زۆر کەسێک بهێنێتە نێو کاری حزبی و یان کەسێک لە حزب دەربکات" و، دووپاتیشی کردەوە کە ئەمڕۆ کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامی کۆتایی دێت.

وەکو ئەوەی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز باسی دەکات: "کاری حزبی کارێکی خۆبەخشانەیە و کەس ناتوانێت بە زۆر کەسێکی دیکە بێنێتە ناو حزبێک یان کەسێک دەربکات، دەرگا کراوەیە و هەموو کەس ئازادە".

کێشە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی

هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا بزووتنەوەی ئیسلامی 12 کۆنگرەی بەستووە، بەڵام بەپێی یاسا و رێکارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دەبێت هەموو حزبێک کۆنگرەی دامەزراندن ببەستێت، بۆیە بزووتنەوە ئێستا کۆنگرەی دامەزراندن دەبەستێت.

نزیکەی دوو ساڵە کێشە کەوتووەتە نێوان باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز و باڵی کامیل حاجی عەلی؛ بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە رۆژی 5ی شوباتی 2022 کۆنگرەی 12ـەمینی خۆی لە شاری هەولێر بەست، لەو کۆنگرەکەدا تەنیا کامیل حاجی عەلی کاندید بوو بۆ رابەری بزووتنەوەکە، بەڵام نەیتوانی زیاتر لە نیوەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت، بۆیە بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایگەیاند، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەک رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بەردەوام دەبێت لە کارەکانی، دواتر کامیل حاجی عەلی ناڕەزایەتی دەربڕی و رۆژی (3ی تشرینی یەکەمی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەو رابەری بزووتنەوەکەیە و کارەکانی کۆنگرە پێشێلکاری تێدا بووە، دواتریش لە باڵی کامیل حاجی عەلی رایانگەیاند، ئەنجامەکانی کۆنگرەی 12 هەڵوەشاوەتەوە.

بزووتنەوەی ئیسلامی کە بە دایکی حزبە ئیسلامییەکان لە کوردستان دادەنرێت، لە ساڵی 1987 لە لایەن کۆمەڵێک کەسایەتی ئایینی بە سەرکردایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان راگەیەندرا. بزووتنەوە یەکەم حیزبی ئیسلامیی چەکدارە کە لە باشووری کوردستان دامەزراوە.

دوای روخانی رژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003، عەلی عەبدولعەزیز رێبەری ئەو کاتی بزووتنەوەی ئیسلامی لە لایەن ھێزە ئەمەریکییەکانەوە دەستگیرکرا، ئەمەش وایکرد تاڕادەیەک چالاکییەکانی سست بێت، بەڵام لە ساڵی 2008ـەوە عیرفان عەبدولعەزیز وەکو ریبەری بزووتنەوەی ئیسلامی ناسرا و بزووتنەوە دەستی بە چالاکییەکانی کردەوە.