شێوەکارێکی کورد تابلۆکانی دەباتە دیاربەکر

K24 - هەولێر

هونەرمەندی شێوەکار موتەڵیب گەردی، دوای ساڵانێک لە بێدەنگی و بەشدارینەکردن لە پێشانگا هاوبەشەکانی هونەری شێوەکاری، ئەمساڵ بە چەند پڕۆژەیەکی هونەری دەگەڕێتەوە باوەشی هونەری رەنگ و بڕیاریشە 4ـی تشرینی یەکەم پێشانگایەکی تایبەت لە شاری دیاربەکری باکووری کوردستان بکاتەوە و 20 تابلۆی رەنگینی کوردەواری لەم شارەدا نمایش بکات.

موتەلیب گەردی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ـی راگەیاند: دوای ماوەیەک دابڕانم لە هونەرەکەم بڕیارمدا جارێکی تر دەست بکەمەوە بە چالاکییە هونەرییەکانم و 20 تابلۆی نەخشێندراو لە هەوری و تێکەڵ کردنی رەنگە جیاوازەکان لە شاری دیاربەکر نمایش بکەم.

گوتیشی: پێشانگاکەم بە داوەتێکی فەرمی لە لایەن ناوەندی هونەری دیجلەوە رێکخڕا و داوام لێکرا تابلۆکانم، کە هەموویان بە بەرگێکی کوردیانە رەنگ کراون ببەمە باکووری کوردستان و لەوێدا سرووشت و نەریتە کۆمەڵایەتیەکانی لادێیەکان و تەشی رێسی ژنانی کورد نیشانی ئامادەبووانی هۆڵەکە بدەم.

پێشانگاکە چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و ناوەندە رۆشنبیرییەکە بە فەرمی گەورە هونەرمەندانی بواری شێوەکاری و پەیکەرتاشی داوەتی ئەم پێشانگایە کردووە.

.
.
.