لە ماوەی 24 کاتژمێردا نزیکەی 500 پەنابەر گەیشتوونەتە بەریتانیا
K24 – لەندەن
پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن ئاشکرای کرد، سەرباری رێکارەکانی حکومەتی بەریتانیا لێشاوی هاتنی پەنابەران بۆ بەریتانیا بەردەوامە و تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێردا نزیکەی 500 پەنابەر گەیشتوونەتە بەریتانیا کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیە لەو ماوەیە تۆمارکراوە.
دلۆڤان عیمادەددین، پەیامنێری کوردستان24 لە لەندەن رایگەیاند، پارتی پارێزگاران کە پارتی دەسەڵاتدارە و بە دووژمنی سەرسەختی پەنابەران دەناسرێت دەیەوێت چەندین بڕیار دەربکات بۆ ئەوەی رێگری بکات لە هاتنی پەنابەران بۆ بەریتانیا، هەروەها لە ماوەی 24 کاتژمێردا نزیکەی 500 پەنابەر لە رێگەی کەناڵی ئینگلیزەوە پەڕینەتەوە بۆ بەریتانیا.
پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەدا، ئەو ژمارەیەی کە لە 24 کاتژمێردا تۆمارکراوە زۆرە لەچاو هەفتەکانی پێشوو، هەروەها تەنیا ئەمساڵ نزیکەی 25 هەزار پەنابەر هاتوونەتە بەریتانیا، پار ساڵیش نزیکەی 45 هەزار پەنابەر هاتن بۆ بەریتانیا.
دلۆڤان عیمادەددین، گوتی: سەرەڕای ئەو هەموو رێکارانەی کە گیراونەتەبەر بۆ رێگریکردن لە هاتنی پەنابەران بۆ بەریتانیا، وەک رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بۆ ئەوەی رێگری بکرێت لە قاچاخچییەکان کە پەنابەر نەهێنن بۆ وڵاتانی ئەوروپا، هەروەها چەندین رێککەوتنی دیکە لەگەڵ فەرەنسا و هەوڵدان بۆ ئەوەی پەنابەرەکان بنێرنەوە بۆ روواندا، بەڵام پەنابەران لە هاتنیان بۆ بەریتانیا ناوەستن.
ناوبراو گوتیشی: هاتنی ئەم رێژە زۆرەی پەنابەران بۆ بەریتانیا وایکردووە حکومەتی بەریتانیا بیر لە رێگەچارەیەکی دیکە بکاتەوە، هەروەها پارتی پارێزگاران بیر لەوە دەکاتەوە کە لە رێککەوتنی ئەوروپا بۆ مافی مرۆڤ بێتە دەرەوە بۆ ئەوەی بتوانێت هەندێک رێککار جێبەجێ بکات کە بە شێوەیەکی یاسایی رێگری لە بەریتانیا نەکرێت بۆ ئەوەی چۆن بیەوێت ئاوا مامەڵە لەگەڵ پەنابەراندا بکات، کە یەکێک لەوانە ناردنی پەنابەرانە بۆ روواندا، ئەگەر هاتوو بەریتانیا لەنێو ئەو رێککەوتنە بێت ناتوانێت بە ئاسانی پەنەبەران بنیرێتەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا یانیش بیاننێرێت بۆ روواندا.
پەیامنێری کوردستان24، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، حکومەتی بەریتانیا رۆژانە نزیکە هەشت ملیۆن پاوەند بۆ خەرجی پەنابەران تەرخان دەکات، ئەمەش بڕە پارەیەکی زۆرە و وەزارەتی ناوخۆ و حکومەتی بەریتانیا چەندینجار ئاماژەیان پێکردووە، هەروەها ئێستا حکومەتی بەریتانیا پەنای بردووەتەبەر سەربازگەی کۆنی سەر بە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا کە کردوویەتی بە شوێنی نیشتەجێبوونی پەنابەران.