ئۆپەراسیۆنی هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپا جموجۆڵی داعش کەمدەکاتەوە
K24 – گەرمیان
فەرماندەکانی هێزی پێشمهرگه و سوپای عێراق رایدەگەیەنن، بەهۆی هەماهەنگی نێوانیان و چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەش له ناوچهكانی گهرمیان، جموجوڵی چهكدارانی داعش له ناوچهكه و مهترسی شانه نوستووهكانیشیان كهمتر بووهتهوه، ئهوهش بووەتە هۆی گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ ئەو ناوچانەی کە پێشتر بەهۆی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمهرگه و سوپای عێراق ببووه مۆڵگهی چەکدارانی داعش.
لەوبارەوە مەردان ساڵح، فەرماندەی میحوەری دووی قەرەتەپە - حەمرینی پێشمەرگە بە کوردستان24ی راگەیاند: "هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بووەتە هۆکار کە چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەین".
گوتیشی: "داعش لە رابردوودا هێز بووە و چەند ناوچەیەکی بە دەستەوە بووە، بەڵام ئێستا بە چەکدارەکانیان بەشێوەی مەفرەزە و گەڕۆک دەردەکەون، هەماهەنگی ئێمە و سوپای عێراق وایکردووە ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەکان بگەڕێتەوە".
هەر پەیوەست بە هەماهەنگییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، لیوا عیماد ئەلمالکی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی خورمات و سلێمان بەگ دەڵێت: "وەکو سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە هاوکاری یەکترین، پلان و هەماهەنگیمان لە ئاستێکی بەرزدا داڕشتووە کە بۆ هەموو سەنگەرەکانی پێشمەرگە و سوپایە، ئەوەش لەبەر رۆشنایی رێنماییەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراقە، کە دووپاتیان لەسەر هەماهەنگی و گۆڕینەوەی زانیاری کردووەتەوە بۆ ئەوەی بتوانین ئاسایش و ئارامی بۆ هەموو ناوچەکە دابین بکەین".
ئاڵوگۆڕی زانیاری بەردەوامی نێوان پێشمەرگە و سوپا و دەزگا ئەمنییەکان و بەردەوامی ئۆپەراسۆنەکان ئارامی بۆ ئەوناوچانە گەڕاندووەتەوە کە پێشتر پێگەی داعش بوون، فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێ: زانیارییە هەواڵگرییەکان شانە نووستوەکانیشی کەم کردووەتەوە.
نوری عەبدولکەریم فەرماندەی پێشمەرگە بە کوردستان24ی راگەیاند: "زیاتر پشت بە زانیارییە هەواڵگرییەکان دەبەستین، ئێستا شانە نووستوەکانیان کەم بووەتەوە".
لە مانگی 12ی ساڵی 2021ـەوە هەماهەنگییەکانی لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دا هەیە، چەندین ئۆپراسۆینی هاوبەشیان ئەنجامداوە.