دابەشکردنی مووچە بەشێوەیەکی خێراتر لەوەی دیاریکراوە بەڕێوەدەچێت

کابینەی نۆیەم کۆتایی بە پاشکەوتی مووچە هێنا
کابینەی نۆیەم کۆتایی بە پاشکەوتی مووچە هێنا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەران و مووچەخۆران و دابەشکردنی مووچە بەشێوەیەکی خێراتر لەوەی لە خشتەی دابەشکردنی مووچە دیاریکراوە بەڕێوەدەچێت.

رۆژی پێنجشەممە (5ـی تشرینی یەکەمی 2023)، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەشکرا، کە وابڕیاربوو رۆژی شەممەی داهاتوو دابەش بکرێت.

هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، وابڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، حکومەتی فیدراڵی دەست بە رێکارەکانی ناردنی 700 ملیار دینارەکە بکات بۆ ئەم مانگە و دوای ئەوەش وەزارەتی دارایی دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکات.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی دارایی بەردەوامە لە دابەشکردنی مووچە و بەپێی راگەیەندراوەکانی پێشووتری، تەنانەت لە رۆژانی پشووی فەرمی و رۆژانی شەممەش، لە بانکەکان دەوامی ئاسایی کراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و چاوەڕێ دەکرێت، دابەشکردنی مووچە لە وادەی دیاریکراوی خۆی زووتر تەواودەبێت.

رۆژی یەکشەممە (24ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 250 ملیار دینار لە رێگای بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

رۆژی دواتریش (25ـی ئەیلوولی 2023)، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەلایەن بانکی رەشید 250 ملیار دیناری مووچەخۆران هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها فەرمانگەی میدیا و زانیاری رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023) رایگەیاند، 200 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقییەوە خرایە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.

دوای گەیشتنی قۆناغی یەکەمی بڕی 700 ملیار دینارەکە، وەزارەتی دارایی و ئابووری، دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی راگەیاند کە بە وەزارەتی تەندروستی دەستی پێکرد و بە خانەنشینی پێشمەرگە کۆتایی دێت.

هاوکات رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023) و رۆژی سێشەممە (3ـی تشرینی یەکەمی 2024) کە پشووی فەرمی بوو لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دابەشکردنی مووچە بەردەوام بوو.

لەلایەن خۆیەوە، رۆژی (3ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 ئاشکرایکرد، لە چەند رۆژی داهاتوو، 700 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

پێشتریش مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بانكی ناوه‌ندیی عێراقی به‌پێی ئه‌و یه‌ده‌گه‌ی له‌ بانكەکانی رافیده‌ین، ره‌شید و بازرگانی عێراق هەیە، ئه‌و 700 ملیار دیناره‌ی بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، بۆ هه‌رێمی كوردستان رەوانەی دەکات، بۆیە ئەو بڕە پارەیە بە یەک پاکێج ناکرێتە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی.

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان راشیگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق کێشەی لە دابینکردنی نەختینەی دینار هەیە، بۆیە ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دواکەوت و بە یەک قۆناغ رەوانە نەکراوە و جەختیشی کردەوە، هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی 700 ملیار دینارەکە نییە.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە رۆژی (6ـی ئەیلوولی 2023)، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار.