د. دلۆڤان محەممەد: لە زانستی نوێدا قەڵەوی وەک نەخۆشی هەژمار دەکرێت

دووەمین کۆنفرانسی زانستە پزیشکییەکانی زانکۆی هەولێری پزیشکی بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ شەممە 7/10/2023، دووەمین کۆنفرانسی زانستە پزیشکییەکانی زانکۆی هەولێری پزیشکی دەستیپێکرد و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دەڵێت: لە زانستی نوێدا قەڵەوی وەک نەخۆشی هەژمار دەکرێت.

لە وتارێکدا د. دلۆڤان محەممەد بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەو رۆڵی زانکۆی هەولێری پزیشکی کرد لە خامەتکردن بە کەرتی تەندروستی و گوتی: "لە سەرەتای دامەزاردنیەوە تائێستا خزمەتی گەورەی پێشکەش بە شاری هەولێر و هەرێمی کوردستان کردووە لە پێگەیاندنی رۆڵەکانمان، کە رۆڵی گرنگی هەیە لە پێشخستنی کەرتی تەندروستی".

گوتیشی: "کاتێک باسی کەرتی تەندروستی دەکەین رەنگە زۆر کەس تەنیا وەکو چارەسەری تەندروستی تەماشای دەکەن، لە راستیدا کەرتی تەندروستی تەنیا چارەسەری تەندروستی نییە، بەڵکو خۆپارێزییە لە نەخۆشییەکان، ئەرکێکی گرنگی تەندروستی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانە لە خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا: "لە زانستی نوێدا ئێستا قەڵەوی وەک نەخۆشی هەژمار دەکرێت، وەرزش و خۆ لاوازکردنەوە هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی نەخۆشییە درێژخایەنەکان".

راشیگەیاند: "ئەنجامدانی ئەو جۆرە کۆنفرانسانە دەبێتە هۆکار بۆ توێژینەوەی زیاتر لە نەخۆشییەکان و هۆشیارکردنەوەی زیاتری هاووڵاتییان لە مەترسییەکان".