هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان وردبینی بۆ ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەن

کۆبوونەوەی وەزارەتی دارایی و هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان
کۆبوونەوەی وەزارەتی دارایی و هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پێشوازیکردنی لە شاندێکی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و جەخت لەسەر هەماهەنگی و هاوکاری تەواو لەنێوان وەزارەتەکەی و هەردوو دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

رۆژی یەکشەممە (8ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە شاندێکی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی دارایی و ئابووری، لە دیدارەکەدا وەزیری دارایی، ئامادەیی وەزارەت و بەڕێوبەرایەتییەکانی دەربڕی بۆ وردبینی و بەدواداچوونی داتا و زانیارییەکان لەلایەن تیمە هاوبەشەکانی هەردوولا.

وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە، ماوەی چەند رۆژێکە شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بەمەبەستی جێبەجێکردنی دوایین بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە تایبەتە بە وردبینی لە ژمارە و داتای مووچەخۆانی هەرێمی کوردستان و بڕی مووچەکانیان لە هەرێمی کوردستانن و دوای تەواوکردنی کارەکانیان راپۆرتی خۆیان پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەن.

ئەمڕۆش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی سەبارەت بە میلاکی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "میلاکی فەرمانبەران زۆرجار تەفسیری جیاوازی بۆ دەکرێت و هەواڵی هەڵەی لەبارەوە بڵاودەکرێتەوە، ئێمە چەند ساڵێکە هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی عێراق و چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، لیستی میلاکاتی ئێمە لای ئەوان پەسندکراوە، ئێستاش لیژنەیەکی دیوانی چاودێری دارایی عێراق لێرەن و دەیانەوێت وردبینی لە تەواوی ئەو داتا و زانیاریانە بکەن کە تایبەتە بە ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان".

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ. هەروەها بڕیاریدا وردبینی لە ژمارە و بڕی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

دوای تەواوکردنی رێکارە کارگێرییەکانیش بە سێ قۆناغ ئەو بڕە پارەیە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان رەوانەکرا، رۆژی یەکشەممە (24ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 250 ملیار دینار لە رێگای بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

رۆژی دواتریش (25ـی ئەیلوولی 2023)، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەلایەن بانکی رەشید 250 ملیار دیناری مووچەخۆران هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها فەرمانگەی میدیا و زانیاری رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023) رایگەیاند، 200 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقییەوە خرایە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.

دوای گەیشتنی قۆناغی یەکەمی بڕی 700 ملیار دینارەکە، وەزارەتی دارایی و ئابووری، دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی راگەیاند کە بە وەزارەتی تەندروستی دەستی پێکرد و بە خانەنشینی پێشمەرگە کۆتایی دێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا لە رۆژی (6ـی ئەیلوولی 2023)، جەختی کردەوە کە لە بەرانبەر پابەندییەکانی هەرێم، پێویستە کۆی گشتی شایستەی داراییەکانی بۆ خەرج بکرێت کە بە گوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە بڕی 16 تریلیۆن و 498 ملیار دینار، کە مانگانە بە گوێرەی ژمارەکانی بودجە دەکاتە یەک ترلیۆن و 375 ملیار دینار.