وادەی دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب ئاشکرا دەکرێت

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی وەزارەتی داوایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەرچاوڕوونیان هەیە بۆ دابەشکردنی دوو مووچەی داهاتووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و ئاشکراشیکرد، لەگەڵ گەیشتنی بری دووەمی 700 ملیار دینارەکە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت.

رۆژی یەکشەممە (8ـی تشرینی یەکەمی 2023)، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، بری دووەمی 700 ملیارەکە لە 20 بۆ 25ـی ئەم مانگە لەلایەن بەغداوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و لەگەڵ گەیشتنی ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت دەستپێدەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتیشی، "بەرچاوروونیمان هەیە مووچەی دوو مانگی داهاتوو کەی دابەشدەکرێت و لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی کۆتایی ئەم ساڵ کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە و هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن".

دوای گەیشتنی قۆناغی یەکەمی بڕی 700 ملیار دینارەکە، وەزارەتی دارایی و ئابووری، دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی راگەیاند کە بە وەزارەتی تەندروستی دەستی پێکرد و بە خانەنشینی پێشمەرگە کۆتایی دێت.

رۆژی یەکشەممە (24ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 250 ملیار دینار لە رێگای بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

رۆژی دواتریش (25ـی ئەیلوولی 2023)، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەلایەن بانکی رەشید 250 ملیار دیناری مووچەخۆران هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها فەرمانگەی میدیا و زانیاری رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023) رایگەیاند، 200 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقییەوە خرایە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی دارایی لەماوەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموز رایگەیاند، لە رۆژانی پشووی فەرمی و رۆژانی شەممەش، لە بانکەکان دەوامی ئاسایی دەکرێت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، بەشێوەیەک رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023) و رۆژی سێشەممە (3ـی تشرینی یەکەمی 2024) کە پشووی فەرمی بوو لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دابەشکردنی مووچە بەردەوام بوو.

لەلایەن خۆیەوە، رۆژی (3ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 ئاشکرایکرد، لە چەند رۆژی داهاتوو، 700 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت.

پێشتریش مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بانكی ناوه‌ندیی عێراقی به‌پێی ئه‌و یه‌ده‌گه‌ی له‌ بانكەکانی رافیده‌ین، ره‌شید و بازرگانی عێراق هەیە، ئه‌و 700 ملیار دیناره‌ی بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، بۆ هه‌رێمی كوردستان رەوانەی دەکات، بۆیە ئەو بڕە پارەیە بە یەک پاکێج ناکرێتە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی.

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان راشیگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق کێشەی لە دابینکردنی نەختینەی دینار هەیە، بۆیە ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دواکەوت و بە یەک قۆناغ رەوانە نەکراوە و جەختیشی کردەوە، هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی 700 ملیار دینارەکە نییە.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.