چوار کورتە فیلمی سامی کاکە نمایش کرا
K24 - هەولێر
لە وەرزی پایز و شەشەمین هەفتەی نیشاندانی فیلمە کوردییەکان لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی سینەما هەولێر، کە هەفتانە چالاکییەکانیان لە سەنتەری ئاڵا بۆ پەرەپێدانی رۆشنبیری و هونەر بەردەوامە، چوار کورتە فیلمی "سامی کاکە"ـی دەرهێنەر، کە بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی سینەمای هەولێر و وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بوو بە ناونیشانی "دارک دەی، هاویە، سپی سپی، فری" نمایش کران.
فیلمەکان گێڕانەوەی چەند چیرۆکێکی کۆمەڵایەتی و هەنگاونان بوو بۆ سەربەخۆیی و قەتیس بوونی کەسایەتیەک لە کونجی زیندان و ژماردنی رۆژە تاڵەکانی نێو پەنجەرەکانی تەنیایی.
شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری هونەری سینەمای هەولێر لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 رایگەیاند: چالاکییەکانمان خۆی لە چوار وەرزی ساڵدا گرتووە، کە بەشێکیان لەنێو کەمپی ئاوارەکان و خانەی نەوجەوانان و قوتابخانە و بەشه ناوخۆییەکاندا دەبێت، بەشێکیش لەو فیلمانەی نمایش دەکرێن لە سەنتەری ئاڵا دەبن.
گوتیشی: فیلمەکانی ئەم وەرزەی نیشاندراون، گەیشتووین بە هەفتەی شەشەم، کە دوایین نمایش فیلمەکانی هونەرمەند سامی کاکە بوون، کە بەشێکن لە تراژیدیا و گێڕانەوەی سەربوردەی پیاوێک، کە لە ناو کونجی زینداندا ئومێد بۆ ژیانێکی نوێ دروست دەکات و پەڕەیەکی نوێ هەڵدەداتەوە، جگە لە نمایشکردنی فیلمی سپی سپی، کە جوڵاندنی هەستی گوندنشینەکان بوو بۆ بەشداریکردن لە مافی چارەنووسینی خۆیان و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی و کۆتایی هێنان بە ژێر دەستەی و هەڵکێشانی هەناسەی ئازادی کورد، دوای ئەم نمایشە سینەماییەش، پێدەنێینە وەرزی زستان و جارێکی تر بە دەیان بەرهەمی ناوازە دەست دەکەینەوە بە نمایشەکانمان.