زانیاری لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب

فەرمانبەرێک لەکاتی وەرگرتنی مووچە - وێنە: ئەرشیف
فەرمانبەرێک لەکاتی وەرگرتنی مووچە - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

دوای دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، بڕی دووەمی 700 ملیار دینارەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، پێش ناردنی بڕی یەکەمی 700 ملیار دینارەکە، هەموو رێکارەکان بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ سێ مانگ ئەنجامدراوە و وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر بنەمانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، رەزامەندی نیشانداوە کە بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگەی بانکەکانەوە ئەو بڕە پارەیە بۆ ماوەی سێ مانگ بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت. 

هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیە بۆ ماوەی سێ مانگی گرێبەستی ئەنجامداوە کە بەشێوەی قەرز دەبێت بەبێ زیادبوونی سوودی بانکی تا یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی، بۆ پێویست بە دووبارەکردنەوەی هەموو ئەو رێکارانە ناکات و راستەوخۆ دوای دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، بە قۆناغ‌ لەلایەن بانکەکانی رافیدەین، رەشید و بازرگانی عێراقەوە هاوشێوەی مانگی پێشوو، 700 ملیار دینارەکە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هاوکات هەر بەپێی زانیارییەکان، لە دوای 17ـی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق دەکرێت و پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی 10 رۆژی داهاتوودا، قۆناغی یەکەمی بڕی دووەمی 700 ملیار دینارەکە بگاتە هەرێمی کوردستان و دوای ئەوەش ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان میکانیزمی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب دیاریدەکات و وەزارەتی داراییش لیستی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکان بڵاودەکاتەوە.

لەلایەن خۆیەوە، هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە (8ـی تشرینی یەکەمی 2023)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، بری دووەمی 700 ملیارەکە لە 20 بۆ 25ـی ئەم مانگە لەلایەن بەغداوە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و لەگەڵ گەیشتنی ئامادەکارییەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی هەشت دەستپێدەکات.

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی گوتیشی، "بەرچاوروونیمان هەیە مووچەی دوو مانگی داهاتوو کەی دابەشدەکرێت و لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی کۆتایی ئەم ساڵ کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ئینفاقی فعلی جیابکرێتەوە و هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکەی عێراق لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن".

هەروەها رۆژی چوارشه‌ممه‌ (11ـی تشرینى یه‌كه‌مى 2023) پێشه‌وا هه‌ورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی مانگه‌كانی 10، 11 و 12ـی ئه‌مساڵ رایگه‌یاند، بڕی ئه‌و 700 ملیار دیناره‌ی كه‌ له‌ به‌غداوه‌ به‌قه‌رز بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و مانگانه‌ی پێ پڕ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مووچه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران نه‌دراوه‌، واته‌ مانگه‌كانی 7، 8 و 9ـی ئه‌مساڵ. گوتیشی، بۆ مانگه‌كانی 10، 11 و 12 له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕاڵ به‌رده‌وامن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش كرانه‌وه‌ و لێكتێگه‌یشتنێكی باش له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ مووچه‌یه‌كی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان نه‌فه‌وتێت.

پێشه‌وا هه‌ورامانی گوتیشی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ ئه‌وپه‌ڕی شه‌فافیه‌تی به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵ نیشانداوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ و وردبینییه‌كانی دیوانی چاودێری دارایی عێراق و دیوانی چاودێری هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌، به‌ڵگه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی شه‌فافیه‌تی هه‌رێمی كوردستان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. جه‌ختیشیكرده‌وه‌، دیوانی چاودێری دارایی عێراق زۆر له‌ پرۆسه‌كه‌ رازین و هیچ تێبینی و سه‌رنجێكیان له‌و باره‌یه‌وه‌ تۆمارنه‌كردووه‌.

دوای گەیشتنی قۆناغی یەکەمی بڕی 700 ملیار دینارەکە، وەزارەتی دارایی و ئابووری، دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموزی راگەیاند کە بە وەزارەتی تەندروستی دەستی پێکرد و بە خانەنشینی پێشمەرگە کۆتایی هات.

رۆژی یەکشەممە (24ـی ئەیلوولی 2023)، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 250 ملیار دینار لە رێگای بانکی رافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

رۆژی دواتریش (25ـی ئەیلوولی 2023)، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەلایەن بانکی رەشید 250 ملیار دیناری مووچەخۆران هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هەروەها فەرمانگەی میدیا و زانیاری رۆژی پێنجشەممە (28ـی ئەیلوولی 2023) رایگەیاند، 200 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بانکی بازرگانیی عێراقییەوە خرایە سەر هەژماری بانکی هەرێمی کوردستان.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی دارایی لەماوەی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموز رایگەیاند، لە رۆژانی پشووی فەرمی و رۆژانی شەممەش، لە بانکەکان دەوامی ئاسایی دەکرێت بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران، بەشێوەیەک رۆژی چوارشەممە (27ـی ئەیلوولی 2023) و رۆژی سێشەممە (3ـی تشرینی یەکەمی 2024) کە پشووی فەرمی بوو لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دابەشکردنی مووچە بەردەوام بوو.

رۆژی (3ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 ئاشکرایکرد، لە داهاتوویەکی نزیکدا، 700 ملیار دیناری دیکە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

پێشتریش مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، بانكی ناوه‌ندیی عێراقی به‌پێی ئه‌و یه‌ده‌گه‌ی له‌ بانكەکانی رافیده‌ین، ره‌شید و بازرگانی عێراق هەیە، ئه‌و 700 ملیار دیناره‌ی بڕیاری له‌سه‌ر دراوه‌، بۆ هه‌رێمی كوردستان رەوانەی دەکات، بۆیە ئەو بڕە پارەیە بە یەک پاکێج ناکرێتە سەر هەژماریی بانکیی وەزارەتی دارایی.

بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکان راشیگەیاند، بانکی ناوەندیی عێراق کێشەی لە دابینکردنی نەختینەی دینار هەیە، بۆیە ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دواکەوت و بە یەک قۆناغ رەوانە نەکراوە و جەختیشی کردەوە، هیچ مەترسییەک لەسەر ناردنی 700 ملیار دینارەکە نییە.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.