ڤلادیمێر پوتن سەردانی چین دەکات

K24 - هەولێر

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا هەفتەی داهاتوو سەردانی چین دەکات و چاوی بە شی جینپینگ سەرۆککۆماری چین دەکەوێت، تاوتوێی پەیوەندییە ستراتیژیەکانی نێوانییان دەکەن.

پەکینی پایتەختی چین لە رۆژانی 17 و 18ـی ئۆکتۆبەر، میوانداری نوێنەرانی 130 وڵات دەکات، بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی "رێگای ئاوریشمی نوێ"، هاوکات یەکێک لەو بەشدار بووانە سەرۆکی رووسیایە.

کۆڕبەندەکە بە فەرمی ناوی " پشتێنە و رێگا"یە، ئامانجی پلانەکەش باشترکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئاسیا، ئەوروپا و ئەفریقا و ناوچەکانی دیکەیە، بە دروستکردنی بەندەر و هێڵی ئاسنین و فڕۆکەخانە و ناوچەی پیشەسازیی.

بەڵام سەرەڕای گرنگی ئەم کۆڕبەندە، هەموو چاوەکان لەسەر ڤلادیمێر پوتن دەبن، کە پشت بەستنی بەو وڵاتەی ئاسیا، لە دوای هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا زیاد کردووە.

پێشووتر چین رەتیکردبوویەوە هێرشەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا ئیدانە بکات، هەوڵیدا خۆی وەک بێلایەن لە ململانێکاندا نیشان بدات، لە هەمان کاتدا هاوکاری دیپلۆماسی و دارایی گرنگی پێشکەش بە مۆسکۆ کردووە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، بەپێی ئامارەکانی گومرگی چین، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2022دا، گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی کە نزیکەی 190 ملیار دۆلار بووە، هەروەها بۆ ساڵی 2023، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان پەکین و مۆسکۆ بۆ 200 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

شارەزایان دەڵێن، "پوتن بەرەو پەکین دەڕوات بە ئامانجی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانە و بەدەستهێنانی پشتیوانی زیاتر بۆ شەڕەکەی لە ئۆکرانیا، "لەوانەش یارمەتییە سەربازییەکان".