بەهۆکاری ئەمنی مۆزەخانەی لۆڤەر و کۆشکی ڤێرسای لە پاریس چۆڵکران
K24 – هەولێر:
بە هۆکاری ئەمنی و بوونی مەترسی لە بوونی بۆمب، مۆزەخانەی لۆڤەر و کۆشکی ڤێرسای لە پاریس داخران و زەنگی ئاگادارکردنەوەش لێدرا بۆ چۆڵکردنی لەلایەن گەشتیاران و کارمەندانی ئەو دوو شوێنەوە.
رۆژی شەممە (14ـی تشرینی یەکەمی 2023) پۆلیسی پاریس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، مۆزەخانەی لۆڤەر نامەیەکی نەناسراوی ئاراستەکراوە و لە نامەکەدا باس لەوەکراوە، مەترسی هێرشکردنە سەر مۆزخانەی لۆڤەر و سەردانیکەرانی هەیە، هەربۆیە بە پەلە سەرجەم گەشتیارەکانیان کردووەتەوە دەرەوە و مۆزخانەکەیان داخستووە.
هاوکات پۆلیسی پاریس ئاماژەی بەوەدا، لێکۆڵینەوەیان لە بابەتەکە دەستپێکردووە و رێکاری پێویست بۆ پاراستنی لۆڤەر دەگرنەبەر.
دوای ئەو رووداوەش، بە هەمان شێوە زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کۆشکی ڤێرسای لێدرا و داوا لە سەرجەم گەشتیاران و سەردانیکاران کرا دەستبەجێ کۆشکەکە چۆڵ بکەن.
کۆشکی ڤێرسای یەکێکە لە گەورەترین کۆشکەکانی جیهان دەکەوێتە پاریسی پایتەختی فەرەنسا و مۆزەخانەی لۆڤەریش یەکێکە لە بەناوبانگترین مۆزەخانەکانی جیهان و تابلۆی مۆنالیزای لێیە، ساڵانە سەدان هەزار کەس سەردانی ئەو دوو شوێنە دەکەن.