کونسوڵی تورکیا لە هەولێر: بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بەشێکی سەرەکی دارایی پەکەکە پێکدەهێنێت

K24 – هەولێر

کونسوڵی تورکیا لە هەولێر، لە کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەولێر رایگەیاند: پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەشێکی سەرەکی داهاتەکەی لە بازرگانیکردنی بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستدەخات.

مەمەد مەولود یاقووت، کونسوڵی گشتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، راشیگەیاند کە پەکەکە بەشدارە لە "کۆنترۆڵکردن و بە بازاڕکردن و بازرگانیکردن" بە ماددەی هۆشبەرەوە لە ئەوروپا. ئاماژەی بەوەشدا راپۆرتی یورۆپۆل و سزادانی بەرپرسانی رێکخراوەکە لەلایەن گەنجینەی ئەمەریکاوە ئەو راستییە دەردەخەن.

ئاماژەی بەوەشدا کە ئەو داهاتە نایاسایانەی کە لە بازرگانی کردن بە دەرمانەوە دەستدەخرێن وەک پاڵپشتی دارایی بۆ کاری ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان سوودیان لێوەردەگیرێت.

یاقووت، ئاماژەی بەوەشدا، بەشێک لەو کەسانەی کە لە شەقامەکانی تورکیادا دەستگیرکراون بەهۆی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر "ئەندامی پەکەکەن".

کونسوڵی تورکیا لە هەولێر داوای کرد، کە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، تورکیا و عێراق بۆ رێگەگرتن لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە رێگەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاریی و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

گوتیشی: "لەماوەی هەشت مانگی ئەمساڵدا نزیکەی دوو ملیۆن حەبی کاپتەگۆن و زیاتر لە چوار ملیۆن حەبی بێهۆشکەر و 13 تۆن کریستاڵ و 11 کیلۆ لە جۆری دیکەی کریستاڵ، لە تورکیا دەستی بەسەردا گیراوە".