وه‌زیری رۆشنبیری و لاوان په‌یمانگه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسی مۆسکۆی بەسەر کردەوە

K24 – هەولێر:

حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەردانی په‌یمانگه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسی رووسیای كرد و له‌ نزیكه‌وه‌ به‌شی كوردی په‌یمانگه‌كه‌ی به‌سه‌ر كرده‌وه‌ و رایگەیاند، سه‌ردانی هه‌ر شاندێكی كوردی بۆ مۆسكۆ، ئه‌گه‌ر وێستگه‌یه‌كی سه‌ردانه‌كه‌ په‌یمانگه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسیی نه‌بێت، واته‌ كه‌موكوڕییه‌ك له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا هه‌بووه‌.

ئەمڕۆ دووشەممە (16ـی تشرینی یەکەمی 2023) حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یمانگه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتناسی مۆسکۆ (زانستی ئەکادیمیای ڕووسیا) به‌سه‌ر كرده‌وه‌ و له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌دا، شاندی باڵای وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ "ئەلێکبێرۆڤ ئەلیکبێر کەڵابیکۆڤیچ" سەرۆکی ئەنیستیوتی رۆژهەڵاتناسی "کیڕیڵ ڤێرتیایێڤ"، سەرۆکی سێکتەری کوردناسی و "ڵانە مەجیدۆڤنە رەڤەندای فەدایی"، سەرۆکی سەنتەری کولتووری ڕۆژهەڵات لە پەیمانگای ناوبراو پێشوازیان لێکرا.

له‌ دیدارەكەدا، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، سه‌ردانی هه‌ر شاندێكی كوردی بۆ مۆسكۆ، ئه‌گه‌ر وێستگه‌یه‌كی سه‌ردانه‌كه‌ په‌یمانگه‌ی رۆژهه‌ڵاتناسیی نه‌بێت، واته‌ كه‌موكوڕییه‌ك له‌ سه‌ردانه‌كه‌دا هه‌بووه‌.

گوتیشی: وه‌ك هه‌رێمی كوردستان به‌ چاوی رێز و پێزانینه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ خزمه‌تكردنی ئه‌رشیڤ و كولتوور و فه‌رهه‌نگ و مێژووی كورد و كوردستان له‌ لایه‌ن ئه‌و په‌یمانگه‌یه‌وه‌ و هه‌وڵه‌كانی بۆ ساغكردنه‌وه‌ی دۆكیۆمنێت و تۆماركردنی مێژووی فه‌رهه‌نگی و كولتووری كورد جێی شانازین و هه‌وڵەکانی كوردناسی ناودار لازاریڤ و کوردناسانی تری پەیمانگای رۆژهەڵاتناسی بەرز دەنرخێنین کە خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌ لایه‌نه‌ جیاجیاكانی ژیانی كولتووری و فه‌رهه‌نگی و مێژوویی كورد کردووە.

له‌ به‌رامبه‌ردا، سه‌رۆكی په‌یمانگه‌كه‌ وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی باڵای وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان رایگه‌یاند، په‌یمانگه‌كه‌ به‌ شانازییه‌وه‌ ئه‌مڕۆ میوانداری ئێوه‌ی كورد ده‌كات و ئێمه‌ له‌ رابردوودا پڕۆژه‌ی ناوازه‌مان له‌ بواری فه‌رهه‌نگی و رۆشنبیری و كولتووری كوردی ئه‌نجامداوه‌.

لەکۆتایی سەردانەکەدا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیاری بەخشییە سەرۆک و ئەندامانی پەیمانگاکە، هەریەک لە ئازا حەسیب قەرەداغی و نامق هەورامی، ژمارەیەک کتێبی خۆیان بەخشیە پەیمانگاکە.

س
س
د