قاسم شەشۆ: سەرۆک بارزانی بە پێویستی دەزانێت رێککەوتنی شنگال جێبەجێبکرێت

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و قاسم شەشۆ
کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و قاسم شەشۆ

K24 - هەولێر

قاسم شەشۆ لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە دا، سەرۆک بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ خەڵکی شنگال دووپاتکردەوە و بە پێویستی دەزانێت رێککەوتنی شنگال جێبەجێبکرێت. دەشڵێت، "گرووپە چەکدارەکان رێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان".

رۆژی دووشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2023، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە قاسم شەشۆ، فەرماندەی فەرماندەیی شنگالی هێزەکانی پێشمەرگە کرد.

لەبارەی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانی نێو کۆبوونەوەکە؛ قاسم شەشۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆک بارزانی پشتیوانی خۆی بۆ فەرماندەی شنگال و خەڵکی شارەکە دووپاتکردەوە و جەختی کردەوە، "پێویستە رێککەوتنی شنگال جێبەجێبکرێت بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

قاسم شەشۆ گوتیشی، "سەرۆک بارزانی گرنگیی تایبەت بە خەڵکی شنگال دەدات و بەردەوام بەدواداچوون بۆ بارودۆخی ئاوارەکانی شنگال کە لەنێو کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، دەکات. سەرۆک بارزانی دووپاتیکردەوە، هەموو هەوڵێک لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەن بۆ ئەوەی دۆخی ئێستای شنگال و کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەربکرێن".

بە گوتەی فەرماندەی فەرماندەیی شنگالی هێزەکانی پێشمەرگە؛ "ئێستا چەندین گرووپی چەکداری لە یاسادەرچوو لەنێو شنگال هەن و شارەکەیان داگیرکردووە، هەر ئەوانن رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارە و هاووڵاتییانمان بۆ سەر زێدی باب و باپیرانیان دەکەن، بۆیە پێویستە ئەو گرووپە چەکدارانە لەنێو شارەکە دەربکرێن، چونکە رێگری دەکەن لە جێبەجێکردنی یاسا".

وەکو ئەوەی قاسم شەشۆ باسی دەکات، "تا ئێستا سەدا 70ـی ئاوارەکانی شنگال نەگەڕاونەتە سەر زێدی خۆیان و لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، چونکە ئەو گرووپە چەکدارانەی دەسەڵاتی شارەکەیان گرتووەتە دەست، رێگری لە گەڕانەوەیان دەکەن. تەنانەت ئەوانەی لە شنگالیش ماون، رۆژانە شارەکە بەجێدەهێڵێن، چونکە هەست بە ئارامی ناکەن و ژیانیان لە مەترسیدایە".

ناوەڕۆکی رێککەوتنی شنگال

رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2020، بەچاودێری مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێککەوتننامەی شنگال لە بەغدا واژۆکرا، کە لە چەند خاڵێکی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئیداری، ئەمنی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە پێکهاتووە.

رێککەوتنەکە دوای پێنج ساڵ لە ئازادکردنی شنگال هات، دوای ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی لە رۆژی (13ـی تشرینی دووەمی 2015) شارەکەیان لە دەست تیرۆریستانی داعش ئازادکرد.

رێککەوتننامەی شنگال کە ئامانج لێی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و ناوچەکە، گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیرییە و قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکانە؛ بەسەر چوار تەوەردا دابەشکراوە، کە بریتین لە کارگێری، ئەمنی، ئاوەدانکردنەوە و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە.

لە تەوەری کارگێڕیدا، جەخت لە دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزای شنگال کراوەتەوە بەپێی رێکارە دەستووری و یاساییەکان، دوای ئەوەش پێداچوونەوە بکرێت بە سەرجەم پۆستە کارگێرییەکانی دیکە لەلایەن ئەو لیژنە هاوبەشەی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پێکدەهێندرێت.

لە تەوەری ئەمنیدا، دۆسیەی ئەمنی شنگال دەبێت لە دەستی پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگای ئەمنی نیشتمانی و هەواڵگری دابێت، و پێویستە سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی نێو شارەکە بۆ دەرەوەی سنووری قەزاری شنگال دووربخرێنەوە.

هاوکات رێککەوتننامەکە ئاماژەی بە دامەزراندنی دوو هەزار و 500 کەس کردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی قەزاکە کە لە خەڵکی ناوچەکە و ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکان پێکبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو رێککەوتننامەیە بە روونی باس لە کۆتاییهێنان بە بوون و رۆڵی پەکەکە و رێکخراوە پاشکۆکانی لە قەزای شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری دەکات.

لە تەوەری سێیەمدا کە تایبەتە بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال، رێککەوتنامەکە باس لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان دەکات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای نەینەوا بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شنگال.

لە تەوەری کۆتاییدا، لیژنەیەکی مەیدانی هاوبەش لەلایەنە پەیوەندیدارەکان پێکدێت بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی هەردوو تەوەری کارگێری و ئەمنی رێککەوتننامەکە.

حکومەتی هەرێم و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکەن

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەختی لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال کردووەتەوە و یەکێکیش بووە لە داواکارییەکانی بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ئەمەش لە کارنامەی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراقدا جێگیرکراوە و لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا له سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵ‌ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، ئەمه‌ریکا تەواو پابەندە بە پشتیوانیکردنی ئێزدییەکان. ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی سەروەری عێراق و، "کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردن و دروستکرنی کۆسپی سیاسی لەبەردەم رێککەوتنی شنگال قبووڵکراو نییە".

هەروەها رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، رۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان لەمیانی بەڕێوەچوونی  کۆنفرانسی نۆ ساڵەی جینۆسایدی ئێزدییان رایگەیاند، پێویستە رێککەوتننامەی شنگال لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت و ئاوارە ئێزدییەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاسایشیان گەرەنتی بکرێت و شنگال دووبارە ئاوەدان بکرێتەوە.

لە هەمان بۆنەدا، جێنین هێنس پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لە جێبەجێنەکردنی رێککەوتننامەی شنگال دەربڕی و بە پێویستی زانی هەرچی زووە رێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت و لە زووترین کاتدا قائیمقام و ئاسایشی ناوخۆ بۆ قەزاکە دابنرێت.

دۆخی شنگال دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر

دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، دۆخی شنگال گۆڕا و لەلایەن چەکدارانی پەکەکە و حەشدی شەعبییەوە دەستی بەسەردا گیرا، بەشێوەیەک لە راپۆرتێکی رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ کە لە مانگی حوزەیرانی 2023 لەبارەی هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال بۆ ناوچەکانیان ئاماژەی بەوەکردووە، جگه‌ له‌نه‌بوونی خزمه‌تگوزارییه‌ سەرەتاییەکان، هاوكات له‌ شنگال 12 گرووپی جیاوازی چه‌كدار كۆنترۆڵی شاره‌كه‌یان كردووه‌، كه‌ جگه‌ له‌ به‌كارهێنانی قوتابخانه‌كان بۆ كاری سه‌ربازی، هاوكات منداڵانیش بۆ كاری چه‌كداری به‌كارده‌هێنن.

هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی رێكخراوی كۆچی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانیش؛ 80%ـی ژێرخانی گشتی و 70%ـی یه‌كەکانی نیشته‌جێبوون له‌ شنگال له‌ ماوه‌ی ساڵانی 2014 تا 2017 به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ خاپووربوون.

جینۆسایدی ئێزدییەکان

رۆژی (3ی ئابی 2014)، چەکدارانی داعش هێرشیانكرده‌ سه‌ر شنگال و جینۆسایدی ئێزدییه‌كانی شنگال و ناوچه‌كه‌یان كرد کە لەو هێرشەدا، زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵیش بێ دایک و باوک بوون.

بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچیان بۆ دەرەوەی وڵات کردووە.

هەر بەپێی ئامارەکانی مانگی حوەزیرانی 2023ـی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی، شەش ھەزار و 417 کوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون، کە لەو ژمارەیەدا،‌ سێ ھەزار و 458 کەسیان رزگارکراون.

گرنگی قەزای شنگال

رووبەری قەزای شنگال نزیکەی سێ هەزار كیلۆمه‌تر دووجایە و كه‌وتووه‌ته‌ پارێزگای نەینەوا و 145 كیلۆمه‌تر لە ناوەندی ئەو شارەوە دوورە.

دەشتاییەکانی شنگال، بەشێکن لەو رووبەرە جوگرافییەی کە پێشتر بە سەبەتەی خۆراکی عێراق ناودەبران و لە رووی کشتوکاڵيیەوە ناوچەیەکی زۆر گرنگە بەتایبەتی بۆ دانەوێڵە و کشتوکاڵە دێمییەکان.

لەسەردەمی پاشایەتیدا و له‌ماوه‌ی كابینه‌كه‌ی نوری سەعید، کە بیرۆکەی پرۆژەی دروستکردنی بەنداوی مووسڵ گەڵاڵەکرا، ئامانج لێی بەراوکردنی زەوییە کشتوکاڵیيەکانی قەزاکانی شنگال و تەلعەفەر بوو، بەڵام دواتر لە سەردەمی کۆماریدا دەرکەوت ئەو پرۆژەیە بۆ سوودی چەند گوند و ناوچەیەکی عەرەبنشین بووە.

لە رووی کانزاییەوە، شنگال گرنگییەکی زۆری ئابووری ھەیە بەتایبەتی لە بوونی نەوت  لە کێڵگەنەوتییەکانی عەین زالە و کەسکێ کە خاوەنی یەدەگێکی زۆری نەوتن.

هەروەها قەزای شنگال‌ بەناوبانگە بە بەرھەمی چیمەنتۆ و کارگەی چیمەنتۆی شنگال یەکێکە لە گەورەترین و باشترین کارگەکانی چیمەنتۆ لە تەواوی عێراقدا، بەڵام ژمارەی کرێکار و کارمەندە ھونەرییە شنگالییەکانی ناو ئەو کارگەیە ناگاتە رێژەی 20%ـی کۆی کارمەندانی ئەو کارگەیە، ئەوەش بۆ زیاتر پشتگوێخستنی ناوچەکە و بەعەرەبکردنی دەگەڕێتەوە.

ساڵی 1975 حکومەتی ئەوسای عێراق، زیاتر لە 150 گوندی چیای شنگال و دەوروبەری وێرانکرد و رایگواستن، به‌ ئامانجی بچووکردنەوەی شنگالیش، بەعاج کە 35 كیلۆمه‌تر‌ لە باشووری شنگالەوە دوورە و پێشتر گوندێکی بچووکبووه‌ و چەند خێزانێکی عەرەبی لێدەژیا، جیاکردەوە و کردیە قەزا و یەک لەسەر سێی رووبەری قەزای شنگال خرایه‌سه‌ر ئه‌و قەزا نوێیە و دواتریش ناحیەی قەیرەوان لە گوندێکی دیکەی عەرەبنشین دروستکرا.