ئەمەریکا سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا  هەڵدەگرێت

ژمارەیەک لە پشتیوانانای سەرۆکی ڤەنزوێلا لە کاراکاس - وێنە: AFP
ژمارەیەک لە پشتیوانانای سەرۆکی ڤەنزوێلا لە کاراکاس - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە ئیدارەی بایدن و نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا ئەمڕۆ سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) رێککەوتنێک رابگەیەنن و سزاکانی ئەمەریکا لەسەر پیشەسازی نەوتی ئەو ووڵاتە کەمبکاتەوە و لە هەمان کاتدا بە ئامانجی ئەنجامدانی پرۆسەیەکی هەڵبژاردنی دادپەروەرانەی سەرۆکایەتی ڤەنزوێلا بۆ ساڵی 2024ـدا.

دوو کەسی ئاگادار بە دانوستانەکان بە رۆژنامە ئەمەریکییەکەیان راگەیاندووە، چاوەڕوان دەکرێت هەڵگرتنی  سزاکان رابگەیەندرێت دوای ئەوەی ڤەنزوێلا لە کۆبوونەوەیەکدا لە باربادۆس، واژۆ لەسەر بەڵێنەکانی هەڵبژاردن دەکات.

دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و  ڤەنزوێلا لە کاتێکدایە، لە ساڵی رابردووەوە چەند جارێک نێردراوانی هەردوولا کۆبوونەتەوە و لە هەوڵێکی نوێدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی و ئابووریی درێژخایەنی ڤەنزوێلا، لەنێویاندا گفتوگۆکردن لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، بەڵام پێشکەوتنەکانی ئەم دواییە ئاماژەیە بۆ لێخۆشبوونی نوێی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا.

نوێنەرانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەو راگەیاندنانە بڵاونەکردووەتەوە، لە هەمانکاتدا نەتواندراوە پەیوەندی بە نوێنەرانی حکومەتەکەی مادۆرۆوە بکرێت بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی دانوستانەکانیان.

لە ساڵی 2019ـەوە ئەمەریکا سزای بەسەر هەناردەکردنی نەوتی ڤەنزوێلا سەپاندووە، کە وڵاتەکە ئەندامی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوتە لە نێو رێکخراوی ئۆپێک، سزادانی حکومەتی مادۆرۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 کە واشنتن بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەسەری سەپاند.

هەفتەی رابردووش، هەردوو پێوەرەکانی نەوتی خاو بەرزبووەوە بەهۆی ترسی ئەوەی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەنگە فراوانتر بێت، پێوەرەکانی جیهانی نەوتی خاوی برێنت بە 7.5% بەرزبووەوە کە بەرزترین ئاستی هەفتانە بووە لە مانگی شوباتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا رۆژی چوارشەممە سەردانی ئیسرائیل دەکات لە کاتێکدا وڵاتەکە خۆی بۆ هێرشکردنە سەر کەرتی غەززە لە دژی هێرشەکانی حەماس ئامادە دەکات کە قەیرانی مرۆیی لە غەززە دەستپێکردووە و ترسی لە ململانێیەکی فراوانتر لەگەڵ ئێران دروستکردووە.

ئامادەکردنی/ یادگار سەدیق