10 رۆژ پێش كلاسیكۆ ریال مه‌درید و بارسێلۆنا نیگه‌رانن

چاڤی، ڤینسیۆس، پێدری و ئانچیلۆتی
چاڤی، ڤینسیۆس، پێدری و ئانچیلۆتی

نزیکەی 10 رۆژ ماوە بۆ یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی ئەم وەرزەی لالیگا کە هەموو جیهان چاوەڕێ یارییەکە دەکات، ئەویش یاریی کلاسیکۆی نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنایە، بەڵام ئەوەی بووەتە هۆی نیگەرانی لای هاندەرانی هەردوو یانە، ژمارەی پێکانی یاریزانەکانە.

ریال مەدرید هەر لە سەرەتای ئەم وەرزەوە تووشی گرفتێکی گەورە بوو، ئەویش پێکانەکەی تیبۆ کۆرتوا گۆڵپارێز بەلجیکی یانەکە بوو، گۆڵپارێزی یەکەمی شاهانەکان تاوەکو ئێستاش بە باشی چارەسەریەکانی وەردەگرێت، بەڵام یه‌كلایی بووه‌ته‌وه‌ ناتوانێت له‌ کلاسیکۆ یاری بکات.

چەند هەفتەیەکی کەم بەسەر پێکانەکەی تیبۆ کۆرتوا تێپەڕی کردبوو، ئەمجارەیان هەواڵیکی دیکەی چاوەڕواننەکرا گەیشت، ئەویش پێکانی ئیدیر میلیتاو بوو، ئەو بەرگریکارەش بۆ یاریی کلاسیکۆ ئاماده‌ نابێت.

گرفتی پێکانی یاریزانەکانی ریال مەدرید بەردەوام بوو و ئەمجارەیان ئاردا گولەر و داڤید ئالاباش تووشی ئەو گرفتە بوو، بەڵام ئەو دوو یاریزانە بە پێچەوانەوە کۆرتوا و میلیتا و بۆ یارییەکەی کلاسیکۆ ئامادە دەبن و بە تەواوەتی لە پێکانەکەیان چاکبونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە بارسێلۆناش هەمان کێشەی ریال مەدریدی هەیە و ئەو یانەیەش گۆمان لە بەشداری کردنی چەندین یاریزانی پێکهاتەی سەرەکی بۆ یاریی کلاسیکۆ دەکرێت.

لە هێلی بەرگری بارسێلۆنا کوندێ یاریزانی سەرەکی یانەکە، بەم دواییە تووشی پێکان بووە، سەرەتا پێشبینی دەکرا هیچ کێشەیەکی نەبێت بۆ یاریی کلاسیکۆ، بەڵام دوای ئەنجامدانی پشكنینە پزیشکیەکان، دەرکەوت ئەو بەرگریکارەش لە کلاسیکۆ بێبەش دەبێت.

ئالێخاندرۆ باڵدێ یەکێکە لە خەمە گەورەکانی چاڤی هێرناندێز، ئەو بەرگریکارەی بالی چەپیش بەم دواییە تووشی پێکان بووە و ئەمیشیان ئەستەمە بۆ یاریی کلاسیکۆ ئامادەبێت.

ئەوەی چاڤی راهێنەری بلاوگرانای تووشی گەورەترین کێشە کردووە، نەبوونی یاریزانە كاریگه‌ره‌كانی لە هێڵی ناوەڕاست، پێدری ماوەیەکی زۆرە لە یاریگاکان دابڕاوە و فرەنکی دی یۆنگیش تا دوای كلاسیكۆ ناگه‌ڕێته‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ پێدری ماوەیه‌كه‌ دەستی بە ئامادەکارییەکانی کردووە و راهێنەری یانەکەشی گەشبینە کە بتوانێت بۆ یاریی کلاسیکۆ ئامادەبێت.

بارسێلۆنا یەکێکی دیکە لە کێشە گەورەکانی لە هێڵی پێشەوەیە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و رافینها و لامین یامال ئەو سێ یاریزانەش پێکانیان هەیە، لیڤا ئەستەمە بەشداری کلاسیکۆ بکات و گەشبینیەکیش هەیە بۆ بەشداری کردنی یامال و رافینها.

له‌ گه‌ڕی یازده‌یه‌می لالیگا، له‌ رێكه‌وتی 28ـی ئه‌م مانگه‌ كه‌ ده‌كاته‌ رۆژی شه‌ممه‌، له‌ كاتژمێر 05:15 خوله‌كی ئێواره‌ به‌ كاتی هه‌ولێر، ریال مه‌درید له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی ده‌بێته‌ میوانی بارسێلۆنا.