وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان تاووتوێی رێکارەکانی جێبەجێکردنی بودجەی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد

وەزارەتی پێشمەرگە.
وەزارەتی پێشمەرگە.

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کونسوڵخانەی ئەمەریکا و شاندی یاوەری تاووتوێی هاوکارییە داراییەکان و رێکارەکانی جێبەجێکردنی بودجەی چوار ساڵەی وەزارەتی پێشمەرگەیان کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) لیوا توانا سدیق بەڕێوەبەری گشتی بوودجە و بەرنامەکان ( ژمێریاری سەربازی) لە وەزارەتی پێشمەرگە پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ مایک گەچێرۆ، راوێژکاری باڵای سەربازی لە کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و شاندی یاوەری، کە پێکهاتبوون لە تۆنی سینۆت، راوێژکاری وەزارەتی بەرگری و مێجەر ترۆسل،ۆ پاشکۆی سەربازی لە کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد.

بە گوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، لە میانەی کۆبوونەوەی نێوانیان تاوتوێی هاوکارییە داراییەکان و رێکارەکانی جێبەجێ کردنی بوودجەی چوارساڵەی وەزارەتی پێشمەرگە کرا، هەروەها باس لە دابینکردن و دەستنیشانکردنی سەرچاوەی دارایی و بوودجەی ئەو هێزانە کرا، کە دەگوازرێنەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، کە لە چوارچێوەی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا بەردەوامی هەیە، ئەمەش لەبەر گرنگی بواری دارایی، کە لایەنێکی سەرەکی ئەو پرۆسەیە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان (ژمێریاری سەربازی) لە وەزارەتی پێشمەرگە بە هاوکاری و هەماهەنگی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، لەمبارەیەوە هەنگاوێکی باشی ناوە و دەرئەنجامەکانی لە داهاتویەکی نزیکدا رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هێزەکانی پێشمەرگە.