واشنتن: سێ مووشەک و چەند درۆنێکی حوسییەکانمان لە دەریای سوور تێكشكاند

K24 - هەولێر:

پێنتاگۆن ئاشکرایده‌كات، سێ مووشەک و چەند درۆنێکی حوسییەکانیان لە دەریای سوور تێكشكاند.

پات رایدەر گوتەبیژی پێنتاگۆن رایگەیاند، هێزەکانیان لە باکووری دەریای سوور سێ مووشەک و چەند درۆنێکی حوسییەکانیان تێكشكاندووه‌، كه‌ لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستەکراوبوون.

ئاماژەی بەوەشدا، هەرکاتێک پێویست بێت بۆ پاراستنی هاوبەشەکانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی بەکاردەهێنن.

گوتەبێژی پێنتاگۆن هه‌روه‌ها گوتی: "دەستەی کەشتی جەنگی یو ئێس ئێس کارنی لە باکووری دەریای سوور سێ مووشەکی کروس و چەند درۆنێکیان خستوونەتەخوارەوە، لەلایەن حوسییەکانەوە لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل ئاڕاستە کرابوون،  ئەمە دەرخەری یەکگرتوویی و تۆکمەیی ئەو سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دامانناوە".

ده‌شڵێت: "ئامادەین هەرکاتێک پێویست بێت ئەم سیسته‌مە بۆ پاراستنی هاوبەشەکانمان و بەرژەوەندییەکانی ئەمه‌ریکا لە ناوچەکە بەکاربهێنین".

دواجار گوتیشی: "بەهۆی ئەم رووداوەشەوە هیچ قوربانییەکی نەبووە."