دووەم دانیشتنی دادگاییکردنی بکوژانی رووداوەکەی شارۆچکەی نسێبین دواخرا
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ (هەینی 20ـی تشرینی یەکەم 2023 )، لە دادگای مێردینی باکووری کوردستان، دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی بکوژانی رووداوەکەی شارۆچکەی نسێبین بەرێوەچوو.
حەربی جەلالەددین نوێنەری هەردوو خێزانی قوربانییەکان، به کوردستان24ـی راگەیاند، دانیشتنی دادگا لە کاتژمێر 9:00ـی سەر لە بەیانی ئهمڕۆ لە دادگای مێردین بە ئامادەبوونی بکوژان کە دوو تاوانبارن، بەرێوهچوو.
ئهوهشی خستهڕوو، كه کەیسەکە لە لایەن دادوەر و دادگا زۆر گەورەیە و پێویستی بە بەڵگە و بەدواداچوونی زیاتر هەیە و لەسەر داوای پارێزەران، دادگا دانیشتنهكهی بۆ 16ـی مانگی یەکی ساڵی داهاتوو دواخست.
حەربی جەلالەددین هەروەها دەڵێت، ئەوان بەردەوام دەبن لە سەر کەیسەکە، تا ئەو کاتەی ئەو دەستانەی له پشت شەهیدکردنی دایک و براکەی و سێ لە ناسیاوەکانیانی بوون، ئاشكرا دهكرێن.
جەلالەددین دووپاتیكردهوه، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا، چەند ئاماژەیەک هەبوون كه ئەم تاوانه به رێكهوت ئهنجام نهدراوه، بەڵکو پلان بۆ داڕێژراو بووه.
گوتیشی: "گەشبینین کە لە داهاتوویەکی نزیکدا تاوانبارەکان خۆیان ئەو دەست و کەسانە ئاشکرا دەکەن کە لە پشت ئەم تاوانه بوونه".
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 19-01-2023 لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، پێنچ هاووڵاتی خەڵکی شاری دهۆک لە ئۆتۆمبێلێکدا لە لایەن چەند کەسێکەوە شەهیدکران. لە کاتێکدا ئەو هاووڵاتیانەی باشووری کوردستان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی چووبوونە تورکیا.
رووداوەکە لە سەر رێگەی سەرەکی نوسێبین - مێردین لە باکووری کوردستان روویدابوو.
دوای رووداوەکە هێزه ئەمنییەکانی تورکیا پێنچ کەسیان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکردووه، کە دوویان تاوانباری سەرەکین و سێی دیکەش هاوکارن .