سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندی دانوستکاری هەرێم
کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندی دانوستکاری هەرێم

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی رایگەیاند، دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، کاری لەپێشینەی ئەنجوومەنی وەزیرانە.

رۆژی یەکشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیى وەزیری دارایی و ئابووری کۆبووەوە، کە هەفتەی رابردوو بە مەبەستی خستنەڕووی ژمارە و زانیاری دروست لەسەر تەوەرەکانی پەیوەندیدار بە دۆخی دارایی و بودجە و مووچەی هەرێم، ئامادەی کۆبوونەوەی هاوبەشی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ بوون.

لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم ئامادەی بوون، تیمی حکومەت کورتەیەکیان له‌بارەی ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا خستەڕوو، ئاماژەیان بەوە دا کە روونکردنەوەی تەواویان بە داتا و زانیاری وردەوە پێشکەش کردووە و لە ئەنجامدا تێگەشتنێکی ئەرێنی هاوبەش دروست بووە لە نێوان ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی مووچە لە پێوەری خەرجیى ڕاستەقینە وەک شایستەی قانونی مووچه‌خۆر و دوورخستنەوەی لە ململانێ سیاسییەکان، بەم ئاراستەیەش لە کۆبوونەوەکەدا، میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەری ئەم بابەتە خرایەڕوو.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وێڕای دەستخۆشیکردن لە تیمی حکومەتی هەرێم، دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و رێزگرتن لە قەوارەی فیدرالی هەرێم. گوتیشی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، کاری لەپێشینەی ئەنجومەنی وەزیرانە و لەم پێناوەشدا، حکومەتی هەرێم، بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرک وپابەندییە دەستووریەکانی خۆی، لە بەرانبەریشدا چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدڕاڵە کە شایستە داراییەکانی هەرێم لەپێش هەمووشیانەوە تەرخانکراوی مووچە وەک لە خشتەکانی بودجەی عێراقدا هاتووە بۆ هەرێم خەرج بکات، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیمی دانوستانکاری راسپارد، لە نزیکترین دەرفەتدا و لەبەر ڕۆشنایی دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنەکان لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران، لە پەیوەندی بەردەوام بن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، تا گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوسەنگ و گونجاو.