وەزیری دارایی: ئامادەکاریمان کردووە بۆ هەموارکردنەوەی بڕگەکانی یاسای بودجە تایبەت بە شایستە داراییەکانی هەرێم

وەزیری دارایی و ئان مەسون، بەرپرسی بەشی کاروباری سیاسی و ئابووری کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر
وەزیری دارایی و ئان مەسون، بەرپرسی بەشی کاروباری سیاسی و ئابووری کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر

K24 – هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئامادەکارییان کردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگە و ماددانەی یاسای بودجە کە تایبەتن بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

رۆژی یەکشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی کرد لە شاندێکی کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر کە پێکهاتبوون لە ئان مەسون، بەرپرسی بەشی کاروباری سیاسی و ئابووری کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر و مایکل لومبەرادو، پاشکۆی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی لە دیدارەکەدا، تیشک خرایە سەر دوایین سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ئامادەبوونیان لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەو بارەیەوە وەزیری دارایی رایگەیاند، توانیویانە بۆ سێیەم جار داتا و ژمارەی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی دیوانی چاودێری داراییەوە بۆ حکومەتی عێراق پشت راست بکەنەوە و خەرجی و داهاتەکانیش بە راپۆرتێکی وردو پڕ زانیاری پێشکەش بکەن.

لەلایەن خۆیەوە، بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابووری کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەبوونی وەزیری دارایی و شاندی هەرێمی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هەنگاوێکی گرنگ لە قەڵەمدا بۆ نیشاندانی نیازپاکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغدا.

هەروەها ئاوات جەناب نووری بە شاندە ئەمەریکییەکەی راگەیاندووە، "وەک وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەکاریمان کردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگە و ماددانەی یاسای بودجە کە تایبەتن بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی هاتووە، وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر هەنگاوەکانی پرۆژەی هەژماری من بۆ شاندەکە خستەڕوو، کە ئاماژەی بەوەکردووە، "هەژماری من پرۆژەیەکی گرنگە بۆ چاکسازی و پەیڕەوکردنی شەفافیەت لە قۆناغی داهاتوودا، فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش هەژمارەکەیان بۆ دەکرێتەوە و لەو رووەشەوە دەرگایان کراوەیە بۆ هەر هەماهەنگی و هاوکاریەک لەلایەن بانکەکانی ئەمەریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان".

هەر لەو دیدارەدا، گفتوگۆ لەبارەی پرسی هاندان و پشتیوانی کۆمپانیا بیانییەکان و دابینکردنی شایستەکانیان و بابەتی رێکخستنەوەی بانکەکان و رێگریکردن لە سپیکردنەوەی پارە کرا، جەختیش لە پشتیوانی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ئەو کێشانە کرایەوە.