رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا ئازادکرا

نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا
نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا

K24 - هەولێر

دوای دوو رۆژ لە دەستگیرکردنی؛ بەیانی ئەمڕۆ نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا بە کەفالەت ئازادکرا.

دوای دوو رۆژ لە دەستگیرکردنی لە شاری سلێمانی، بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی ئۆکتۆبەری 2023، جەمال عەبدوڵڵا، نووسەر و رۆژنامەنووس و گوتەبێژی پێشووتری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کەفالەت ئازادکرا.

بەیانی رۆژی دووشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2023، نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا، لەسەر بنەمای ئاگادارکردنەوەیەک لەسەر بوونی سکاڵایەک، سەردانی دادگای سلێمانی کردبوو، بەڵام لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرابوو بە بیانووی بوونی فەرمانێکی دەستگیرکردن (امر قبض)ـی پێشتر.

ئەو فەرمانەی بۆ دەستگیرکردنی نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا دەرکراوبوو، هیچ پەیوەندی بەو سکاڵا و ئاگادارکردنەوەیەوە نییە کە ئەو رۆژنامەنووسە بەهۆیەوە سەردانی دادگای کردووە.

نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا، لە کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا گوتەبێژی فەرمی حکومەت بووە و لە چەندین دەزگای میدیایی نووسین و بابەتی بڵاوکردووەتەوە و خاوەنی چەند کتێبێکە، هەروەها لە کاری رۆژنامەنووسیشدا سەرنووسەری گۆڤار بووە.

د. نەزاکەت حوسێن: دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا پێشێلکردنی یاسایە

پێشتر د. نەزاکەت حوسێن، سکرتێری لیژنەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو: "دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا و دوو رۆژنامەنووسی دیکە لە سنووری سلێمانی جێگەی پرسیارە و داوای روونکردنەوە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی شاری سلێمانی دەکەین، هۆکار چییە سێ رۆژنامەنووس لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەستگیردەکرێن بەبێ ئاگادارکردنەوەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و خودی رۆژنامەنووسەکان؟". گوتیشی، "دەستگیرکردنی سێ رۆژنامەنووسەکە پێشێلکردنی یاسایە و بە چەند رێگەیەک لەم دۆسیەدا یاسا پێشێلکراوە".

بە گوتەی د. نەزاکەت حوسێن، "مامەڵەکردنی ناتەندروست و فشار دروستکردن بۆ کاری رۆژنامەگەری؛ رێگریکردن، دەستگیرکردن، شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەنووسی یان هەر مامەڵەیەکی دیکەی نایاسایی و نائێتیکی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بکرێت، مەترسی بۆ سەر کاری ژینگەی میدیایی، ئازادی رادەربڕین و دەروونی رۆژنامەنووسان دروست دەکات و، وادەکات ژینگەیەکی نائارام بۆ کاری رۆژنامەنووسی دروست ببێت".

سکرتێری لیژنەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان دووپاتیدەکاتەوە، "بەپێی یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007ـی یاسای رۆژنامەگەریی هەرێمی کوردستان، کە یاسایەکی بەرکارە و هەموو میدیاکان کاری پێ دەکەن، رۆژنامەنووس نابێت دەستگیربکرێت و ئەگەر دۆسییەکی وا هەبێت کە دادگا بیەوێت دەستگیری بکات، دەبێت سەندیکای رۆژنامەنووسان ئاگاداربکرێتەوە و، رۆژنامەنووسیش وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکە ئەگەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبێت، بەپێی یاسا پێویستە ئاگاداربکرێتەوە، بەڵام ئەم سێ رۆژنامەنووسە دەستگیرکراون لە کاتێکدا نەخۆیان ئاگادارکراونەتەوە و نە سەندیکای رۆژنامەنووسانیش".