دۆخی کەرکووک دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی سوودانی وەک خۆی ماوەتەوە

شاری کەرکووک.
شاری کەرکووک.

K24 – کەرکووک:

ساڵێک بەسەر کابینەکەی محەممەد شیاع سودانی تێدەپەڕیت و لەماوەی یەک ساڵدا هیچ یەکێک لەو خاڵانەی تایبەت بووە بە دۆخی کەرکووک جێبەجێنەکراوە، سوودانی بڕیاریدابوو دۆسیەی ئەمنی لە کەرکووک لە دەستی سوپا و حەشدی شەعبییەوە رادەستی پۆلیسی خۆجێی شارەكە بكات و دوو لیوای هاوبەش دابمەزرێنێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەنێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەڵام تا ئێستا ئەو بەڵێنانە جێ بەجێ نەكراون.

بەگوێرەی ئەو بەڵێنانەی درابوون بۆ ئاسایکردنەوەی دۆخی کەرکووک، دەبوو لەبری سوپا ئەرکی پاراستنی گەڕەکەکان بە پۆلیسی خۆجێی بدرایە، بەڵام سوپای عێراق هەر رۆژەی بەبیانوویەک گەڕەکێکی کوردی دەکات بە سەربازگە. پێشمەرگەیەک بە ناوی هیوا رەش، بە کوردستان24ـی راگەیاند، دۆخە سەربازییەکەی شاری کەرکووک کاریگەرییەکی دەروونی ناهەمووار بەسەر خەڵکدا بەجێدەهێڵێت، بەڵام خەڵک سڵ ناکاتەوە، بۆ نموونە ئەوەی لەم خۆپیشاندانەی دووایی بینیمان خەڵک بە بوێرانە هەموو دۆخێکی سەربازی و ترسیان بەزاند.

ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی تێدەپەڕێت و دەبووایە پێش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بارەگای سەرجەم لایەنە سیاسییەکان رادەستبکرایەتەوە، بەڵام بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک ماوەی شەش ساڵە داخراوە، ئەمە جگە لەوەی هیچ یەکێك لەو خاڵانەی تیابەت بووە بە دۆخی کەرکووک جێبەجێنەکراون.

لەلایەن خۆیەوە مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بە کوردستان24ـی گوت: لە بڕگەی 19ـدا لە کارنامەی حکومەتی محەممەد شیاع سوودانی هاتووە، دەبێت دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، بارەگەکانی پارتی و لایانەکانی دیکە رادەستبکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە بۆ ماوەی ساڵێکە هیچ لەو خاڵانە جێبەجێنەکراون.

بەگوێرەی کارنامەی حكومەتی عێراق هەموو حزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەددین مافی چالاکی سیاسیان هەیە و پێویستە ئەو بارەگایانەی هێزی سەربازی تێدایە چۆڵبکرێت، لەگەڵ رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی لە سوپاوە بۆ پۆلیس و دامەزرادنی دوو لیوای هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشای ئەمنی لەناوچە جێناکۆکەکان.