کازم ساهیر هەموو ئاهەنگەکانی راگرت

K24 - هەولێر

بەهۆی جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، کازم ساهیر هونەرمەندی دیاری عێراقی هەموو ئاهەنگەکانی راگرت.

ئەمڕۆ شەممە، 28 تشرینی یەکەمی 2023، کازم ساهیر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەر) رایگەیاند، بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، هەموو ئاهەنگەکانی راگرتووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، وەک هاوخەمییەک بۆ شەهید و بریندارەکانی ئەو شەڕە، تەواوی ئاهەنگەکانی راگرتووە تاکو ئەوکاتەی شەڕ کۆتایی پێدێت.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جوولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، دواتریش سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد. به‌ گوێره‌ی ئاماری ته‌ندروستی غەززە، تائێستا حەوت هەزار و 326 فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 18 هەزار و 500 کەسی دیکەش برینداربوونە. هاوکات بەپێی میدیا ئیسرائیلییەکان، تائێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش بریندارن.

ئا: لاڤین عومەر